لە ماوەی پێنج مانگدا داهاتی عێراق، زیاتر لە 54 ترلیۆن دینار بووە، لەو بڕەش 89% داهاتی نەوتی بووە.
میدیاكانی بڵاویان كردەوە لە ماوەی پێنج مانگدا، عێراق زۆرترین داهاتی هەبووە كە بڕەكەی 54 ترلیۆن دینار بووە، ئەوە لە كاتێكدایە لەو داهاتە تەنیا شەش ترلیۆن دیناری داهاتی نانەوتی بووە.
سەرچاوەی داهاتی عێراق 89% تەنیا داهاتی نەوتە و داهاتی نانەوتی تا ئێستە بەردەوام پاشەكشێ دەكات، ئەمەش بە بڕوای ئابووریناسان كارەساتێكی ئابووری لە داهاتوودا دەخوڵقێنێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 14ی تەمووز، میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، داهاتی عێراق لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتا ئەمساڵەوە، 54 ترلیۆن و 703 ملیار و 848 ملیۆن و 603 هەزار و نۆ دینار بووە.
بەگوێرەی ئەوەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بۆ كردووە، لە 89% داهاتی نەوت بووە، بەشێوەیەكی سەرەكی داهاتی وڵات پێكدهێنێـت.
بەجۆرێك 48 ترلیۆن و 455 ملیار و 60 ملیۆن و171 هەزار دینار، داهاتی نەوت بووە. داهاتی نانەوتیش شەش ترلیۆن و 788 ملیار و 431 ملیۆن و 731 هەزار دینار بووە.