"ساڵانە بە ملیار مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێ و تێچووەكەی ملیۆنان دۆلارە"

:: PM:09:25:14/07/2024 ‌

ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی تایبەت بەو بوارە، لەوانە كەمیی ئاوی خواردنەوە، ئاماژە دەكات لە چەندین ناوچەی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ستانداردی جیهانی ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت، بەڵام فێنككەرەوە و شۆردنی ئۆتۆمبێل و ئاودانی باخ هۆكاری دروستبوونی كێشەی ئاوی خواردنەوەن.

*شێوازی دابینكردنی ئاو لە هەرێمی كوردستان چۆنە و هۆكاری ئەو كێشانە چین كە ئاماژەیان بۆ دەكرێت؟

بەپێی ئەو داتایانەی لای ئێمەن، هەر تاكێكی هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو هێندەی پێویستە ئاوی بۆ دابین دەكرێت، لە هەندێك شوێن زۆر لەو بڕە زیاتریش بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت، ئەوەش پێویستی بە تێچووی زیاترە، ئەوەی بەدواداچوون كراوە بەهەدەردانێكی زۆر لە ئاوی خواردنەوە هەیە و پێویستە هاووڵاتیی وشیار بێت و ئاو بەفیڕۆ نەدات.

*ئەی بۆچی باسی بوونی كێشە دەكرێت، كەمئاوی لە چییەوە سەر هەڵدەدات؟ 

 بەكارهێنانی ئاو لە ماڵان زۆر بەفیڕۆ دەدرێت، هەروەها تا ئێستە تانكی سەربانی بەشێك لە ماڵەكان تەوافەی نییە، واتە كاتێك تانكییەكە پڕ دەبێت تا ئەوكاتەی ئاوەكە دەبڕێت بەسەر تانكییەكەدا دەڕژێت، ئەوەش بەهەدەردانە، هەیە زیادڕۆیی لە بەكارهێنانی ئاو دەكات و دەستی پێوە ناگرێت، هەشە بەفیڕۆی دەدات، ئەمانە وایان كردووە كێشە دروست ببێت، هەیە بەر دەرگە دەشوات، هەیە باخی پێ ئاو دەدات و ئۆتۆمبێل دەشوات و شتی تریش، ئەمانە زیانی زۆر لە سامانی ئاو دەدەن و ئەو دۆخە دروست دەكەن كە ساڵانە لەكاتی گەرما و هاویندا دێتە پێشەوە.

*بەپێی ستانداردی جیهانی دابینكردنی پێویستیی رۆژانەی ئاو بۆ هەر تاكێك چەندە؟

لە هیچ وڵاتێكی دنیا ئەو شتانە نییە كە لە هەرێمی كوردستان بەهۆیەوە ئاوی پێ بەفیڕۆ دەدرێت، بەپێی ستانداردی جیهانی هەر تاكێك رۆژانە 250 لیتر ئاوی بۆ دانراوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەكارهێنانی رۆژانە لە دووهێند نزیك بووەتەوە، واتە سەرو 400 لیتر، ئەمەش بڕێكی زۆرە و كاریگەریی لەسەر دابینكردنی ئاو دروست كردووە، ئەو بەفیڕۆدانە وای كردووە ئەوانەی لەسەر هەمان تۆڕی ئاوەكەن ئاویان پێ نەگات و كێشەی كەمئاوی دروست بكات.

*هاوین و گەرمایە و خەڵك فێنككەرەوە بەكاردێن كە ئاوی زۆری پێویستە، ئەمە چۆن كار دەكاتە سەر دروستبوونی كێشەی كەمئاوی؟

بە دڵنیاییەوە ئامێرەكانی فێنككەرەوە هۆكارێكی بەفیڕۆدان و دروستبوونی كێشەی كەمئاوین، چونكە هەر فێنككەرەوەیەك رۆژانە ئەگەر بەردەوام دابگیرسێت پێویستی بە بڕێكی زۆر ئاو هەیە، ماڵ هەیە دوو فێنككەرەوە بەكاردێنێت، ئەمە وا دەكات كێشەی كەمیی ئاو دروست بكات و پێویستیی زیاتریان بە ئاو هەبێت و زووتر ئاویان لێ ببڕێت، بۆیە بوونی فێنككەرەوە لەهەر ماڵێكدا واتە دوو كەس زیاتر لەو ماڵەیە.

*دابینكردنی ساڵانەی ئاو چۆنە و تێچووەكەی چەندە؟

لە هەرێمی كوردستان ساڵانە بە ملیار مەتر سێجار ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت و تێچووەكەشی ملیۆنان دۆلارە، سەرەڕای بوونی سەرچاوەیەكی زۆری ئاوی خواردنەوە، بەڵام كێشەی ئاوی خواردنەوە هەیە، هۆكارەكەشی بۆ زۆر بەكارهێنانی ئاو لەلایەن هاووڵاتییان و دەستنەگرتن پێوەی دەگەڕێتەوە.

دیمانەی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل