دوێنێ گرووپێكی چەكداری شیعە بە دوو درۆن هێرشی كردە سەر بنكەی عەین ئەسەدی ئەمەریكی لە پارێزگای ئەنبار، دووپاتی كردەوە كە ئاگربەست كۆتایی هات و لە هێزەكانی ئەمەریكا ناترسن، ئەوەش دوای ئەوەی پەرلەمانتارێكی عێراق دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆكانی عێراق و ئەمەریكا لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی وەستاوە.
عەلی فەتلاوی، سەركردە لە بزاوی "ئەنساروڵا ئەوفیا" رای گەیاند كە دوای هێرشە درۆنییەكەی دوێنێ بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد، هێرشەكانی سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەستی پێ كردووەتەوە، گرووپەكانی بەرگریی عێراقی چوار مانگ هێرشەكانیان دژ بە هێزەكانی ئەمەریكا وەستاند وەك هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ حكوومەتی عێراق بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی لە عێراق، بەڵام دەركەوت ئەمەریكا دەستی دەستی دەكات، بۆیە هەر كارێك كاردانەوەی خۆی هەیە، جیا لە بەردەوامیی پاڵپشتیی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەزە.
روونی كردەوە، ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە دژی بوونی ئەمەریكا لە عێراق دەستی پێ كردەوە، بۆیە هەر كاردانەوەیەكی ئەمەریكا بەرانبەر بە هێرشی میلیشیاكان مانای وایە ئەوان پەرە بە هێرشەكانیان بۆ سەر ئامانج و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەدەن و ترسیان لە وەڵامدانەوەی ئەمەریكا نییە.
قسەی ئەو سەركردە دوای هێرشەكەی دوێنێی میلیشیاكان بە دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو بۆ سەر بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق دێت، كە وردەكاری و زیانەكانی ئاشكرا نەكرا.
هێرشی گرووپە چەكدارەكانی عێراق بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا لە سەرەتای مانگی شوباتی رابردوو وەستا، دوای كوژرانی سێ سەربازی ئەمەریكا لە هێرشێكی درۆنیی ئەو میلیشیایانە لە ئوردن، هێزەكانی ئەمەریكاش وەڵامیان دایەوە و ژمارەیەك فەرماندە و ئەندامی میلیشیاكانیان كوشت.
یاسر حوسێنی، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق ئاشكرای كرد كە دانوستانی نێوان بەغدا و واشنتن لەبارەی كۆتاهاتنی ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق هەڵپەسێردراوە، لەناو بوونی هەڕەشە بە دەست پێكردنەوەی هێرشی میلیشیاكان لە دژی ئامانج و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق، لە حاڵەتی شكستهێنانی دانوستانەكان.
هەفتەی رابردوو شاندێكی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی دانییل شابیرۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گفتوگۆكانی لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی بەردەوام بوو، ئەوان باسی كۆتاهێنان بە ئەركی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان كردووە، حوسێنی دەڵێت، گفتوگۆكانی بەغدا و واشنتن ماوەی چەند هەفتەیەكە وەستاوە و نازانین هۆكارەكەی چییە؟، بەڵام گوشارێكی ئەمەریكی بۆ سەر حكوومەتی عێراق هەیە بۆ مانەوەی هێزەكانی لە عێراق.
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، گەڕەكانی پێشووی گفتوگۆی نێوان هەردوولا روون نەبوون، بەیاننامەی عێراق لەبارەی گفتوگۆكان زۆر لە لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریكا جیاواز بوون، ئەوەش دووپاتی دەكاتەوە رژدی لە رۆیشتنی بیانییەكان لە عێراق نییە، تەنانەت خواستێكی سیاسی و حكوومەتی عێراقیش بۆ مانەوەی ئەو هێزانە هەیە و چەند لایەنێكی سیاسی و حكوومەتیش ئامادەن هەر شتێك بكەن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و كۆنترۆڵكردنی دۆخی عێراق، ئەوان ترسیان لە كاریگەریی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر خۆیان هەیە، بۆیە دەستی دەستی لەو دۆسیەدا دەكەن و گفتوگۆكان وەستان.
كازم فەرتووسی، گوتەبێژ بەناوی كەتیبەكانی سەید شوهەدا دەڵێت، ئەوان چاوەڕوانی وەڵامی حكوومەتی عێراق لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆكان لەگەڵ واشنتن دەكەن، هەڵوێستی هاوئاهەنگیی ئیسلامی روونە، شكستهێنان لە كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا واتە دەست پێكردنەوەی جووڵانەوەمان، ئێمە هەلێكمان بە حكوومەتی عێراق دا، بەڵام لە حاڵەتی یەكلا نەكردنەوەی خێرای ئەو دۆسیەیە و دانەنانی خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەكە، گرووپە چەكدارەكان بە رێگەی تایبەتی خۆیان سەربازانی ئەمەریكا دەردەكەن.
دوای هێرشەكەی دوێنێ بۆ سەر عەین ئەسەد، سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە هێزەكانی ئەمەریكا چوونەتە ناو ئاستێكی بەرزی حاڵەتی ئامادەسازی، رەنگە ئەوە سەرەتای قۆناغێكی ئاڵۆزی بێت لەگەڵ گرووپە چەكدارە شیعەكان، كاتێك لە چەند سعاتی رابردوو بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد كە هێزەكانی ئەمەریكای تیادا جێگیرە، لە چەند سعاتی رابردوو هەڵفڕینی چڕی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەتی درۆنەكان، ئەوەش دوای كەوتنەخوارەوەی درۆنێكی نەناسراو لە نزیك تاوەرێكی چاودێری لە بەشی رۆژئاوای بنكەكە لە ئێوارەی دوێنێ لەناو بوونی هەواڵی هێرشی گرووپێكی چەكدارییەوە، سەرچاوەكە ئەوەشی گوت كە سەرەڕای هەواڵەكانی باسی كەوتنەوەی زیانیان لە بنكە ئاسمانییەكە كرد ورد و دروست نین، بەڵام رەنگە ئەو ئاستە بەرزەی ئامادەسازیی هێزەكانی ئەمەریكا سەرەتای قۆناغێكی تری ئاڵۆزی نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و گرووپە چەكدارەكان بێت.