یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دوا كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك پارتی بچووكی سیاسی و پاشكۆ، هۆشدارییان پێ دەدات بەوەی دەبێت دەنگ بە كاندیدە سەربەخۆ و یەكێتییەكان بدرێت، بە پێچەوانەوە هاوكاری مانگانەی مایەكییان دەبڕێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، لە چەند رۆژی رابردوو لەلایەن سێ ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی لەگەڵ سكرتێر و سەرۆكی چەند پارتێكی بچووكی سیاسی و پاشكۆی یەكێتی كە ناوەكانیان پارێزراوە، باس لەوە كراوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان یەكێتی چەند كاندیدێكی بەناو سەربەخۆ و كاندیدی حزبیشی هەیە، دەبێت لە پارێزگا و ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین، لەلایەن ئەندامانی ئەو پارتە بچووكانە دەنگیان پێ بدرێت.
لە زانیارییەكاندا، ئاماژە بەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا سكرتێر و سەرۆكی پارتە پاشكۆكانی یەكێتی نیگەران بوون لەوەی هاوكاریی مانگانەیان بەرەو كەمبوونەوە و دواكەوتن چووە، بۆ ئەوەش سێ ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی گوتوویانە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەرۆكی یەكێتی و دەباشان و ئەوان چارەسەری ئەو پرسە بكەن.
زیاد عەبدوڵا، شارەزانی كاروباری پارتە سیاسییەكان بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، پێشتر یەكێتی ژمارەیەك پارتی كارتۆنیی سیاسی دروست كردبوو كە زۆر باكی پێیان نەبوو، بارەگایەك و هاوكارییەكی مانگانە و چەند كەسێكی بۆ دامەزراندوون، بەڵام ئێستە وا دیارە باری ناوخۆیی حزبەكە لارە، بۆیە پەنای بۆ بردوون.
روونی كردەوە، یەكێتی بەو كارەی دەیەوێ لەلایەك كاریگەری لەسەر پەرتكردنی دەنگەكانی سنووری زۆنەكەی كە ئێستە چەندین لیست و لایەنی نوێی سیاسی تیا دروست بووە، لەلایەكی تریشەوە مەبەستیەتی بە رای گشتیی هەرێمی كوردستان بڵێت ئەوەتا چەند پارتێكی سیاسی لەگەڵە، كە بەهەموویان ناتوانن یەك كورسی پەرلەمانی بێنن.
ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە، پێ ناچێت هاوكاریی یەكێتی تا سەر بۆ ئەو پارتانە بەردەوام بێت، ئەگەر لە حكوومەتی هەرێمەوە هاوكاری مانگانەیان بۆ نەبڕدرێتەوە، ئەوەش كارێكی ئاسان نییە و كاریگەری لەسەر بودجەی گشتیی حكوومەت دروست دەكات و حكوومەتی هەرێمیش تەنیا مەبەستیەتی زامنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران و پڕۆژەكانی بكات.
شایەنی باسە لەدوای رووداوەكانی هەشتی تەموز و جیابوونەوەی لاهوور شێخ جەنگی، یەكێتی لە رێگەی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆرەوە، چەندین كاندیدی بەناو سەربەخۆ و كچە مۆدێلی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ كاندید كردووە.
وشە/ تایبەت