نێوانی عێراق و ئەمەریكا نە باشە و نە خراپ، لە دۆخێك وەستاوە كە هەموو كات ئەگەری ئاڵۆزبوونی لێ نزیكە و چاوەڕوان دەكرێت، شارەزایان پێیان وایە حكوومەتی عێراق دەست بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە نابات كە ئەمەریكا دەیەوێت، بە مانایەكی تر ناتوانێت دەستیان بۆ ببات، توێژەرێكی ئابووری دووپاتی دەكاتەوە كە تا ئێستەش ئەمەریكا متمانەی بە عێراق و رێوشوێنەكانی نییە.
عومەر حەلبووسی، توێژەری ئابووری دەڵێت، سەردانەكەی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ واشنتن بۆ باسكردنی بابەتی سزای سەر بانكە عێراقییەكان و بەكارهێنانی یوان بۆ بازرگانی لەگەڵ چین و بەردەوامی فێڵكردن لە سزاكان لەگەڵ بانكی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ئەنجامی گەورەی نابێت.
روونی كردەوە، تا ئێستە لایەنی ئەمەریكی متمانەی بە لایەنی عێراقی نییە، واتە گوشاری ئەمەریكا لەسەر عێراق بەردەوامە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری پرۆسەی حەواڵەی دارایی و ئەگەری سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر دامەزراوە بانكی و داراییەكان كە ئەمەریكا پرۆسەی فێڵكردنی لەسەر گرتوون.
ئەو توێژەرە ئابوورییە دووپاتی دەكاتەوە، بۆیە سەردانەكە لە كاتێكی سەخت دێت كە ناوچەكە ململانێیەكی گەورەی جیۆسیاسی بەخۆیەوە دەبینێت و كاریگەریی خستووەتە سەر عێراق، جیا لەوە ئەمەریكییەكان پێیان وایە هێشتا دۆلار بە چەندان رێگە لە عێراقەوە دزە دەكات و ئەوەش نێوان هەردوو وڵات تێك دەدات، چارەسەر نەبوونی بابەتی بانكە سزادراوەكانیش تا ئێستە ئاماژەیە بۆ ئەگەری سەپاندنی سزای نوێ بەسەر قەوارە بانكی و داراییە عێراقییەكان.
لای خۆیەوە موهەنەد عەزاوی، شارەزای ستراتیجی دەڵێت، تێوەگلانی گرووپەكانی بەناو بەرگری لە هێرشەكان پێش 7ی تشرینی یەكەمی رابردوو و دوای ئەوەش، بووەتە مایەی شەرمەزارییەكی گەورە بۆ حكوومەتی عێراق و وڵاتەكە دەخەنە بەردەم كێشەی گەورە و سەخت، رەنگە ئەمەریكا چەندان رێوشوێنی توند لە رێگەی ئامرازی ئابووری و سەربازییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان وەربگرێت، ئەوەش بە نەرێنی كار لە حكوومەتی عێراق دەكات.