خامنەیی چۆن بڕیاری دا پزیشكیان ببێتە سەرۆك؟

:: PM:08:52:18/07/2024 ‌

ئەگەرچی ئەو بابەتە زۆر باس كراوە و لێكدانەوەی جیاجیای بۆ كرا، چەند سەرچاوەیەك ئاماژە دەكەن كە لە مانگی ئایاری رابردوو بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتیی ئێران، بەرپرسانی هەواڵگریی ئەو وڵاتە راپۆرتێكیان بۆ رابەری باڵای شۆڕش رەوانە كردووە بەوەی زۆرینەی ئێرانییەكان بەنیازی بایكۆتكردنی دەنگدانن و رێژەی بەشداریكردن تەنیا 13% دەبێت.

پێنج سەرچاوەی ئاگەدار بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكیان راگەیاندووە كە لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئێران بە پلانێكی ورد بڕیاری دا رێگە بۆ هاتنەپێشەوەی مەسعوود پزیشكیان، كەسایەتیی دێرین و ناسراوی ریفۆرمخواز خۆ بكات بۆ بوونی بە سەرۆكی ئەو وڵاتە، لە پرۆسەیەك كە كاندیدانی بەهێزی پارێزگاران بەسەریدا زاڵ بوون.

ئەو سەرچاوانە كە هەموویان پارێزگار و لە بازنەی نووسینگەی رابەرەوە نزیكن، ئاماژەیان كرد كە خامنەیی ژمارەیەك لە راوێژكارە متمانەدارەكانی خۆی كۆ كردەوە و لە سێ كۆبوونەوە لە كۆتایی ئایار و لە شوێنی مانەوەی لە تاران پلانەكەیان تاوتوێ كرد، لە كۆبوونەوەكان خامنەیی لەوە نیگەران بوو كە رێژەی كەمی بەشداریكردن زیان بە متمانەی دامەزراوەی ئاینیی ئێران بگەیەنێت، بۆیە فەرمانی بە ئامادەبووان كرد رێگەیەك بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەكە بدۆزنەوە.

لە كۆبوونەوەكەی رابەری شۆڕشی ئێران ژمارەیەكی كەم لە بەرپرسان و یاریدەدەرانی تەناهی بەشدارییان كرد، لەوانە عەلی ئەكبەر ویلایەتی كە راوێژكار و هاوپەیمانێكی نزیكی ئەوە، جیا لە دوو لە فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، خامنەیی لە كۆبوونەوەكان ئەوەی گوتووە كە دەیەوێ لەناو ناڕەزایەتیی پەرەسەندووی ناوخۆیی و ناوچەكە پارێزگاری لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بكات.

یەكێك لە سەرچاوە ئاگەدارەكانی "رۆیتەرز" ئاماژەی كرد كە خامنەیی پێی وا بوو كە ئێران پێویستی بە سەرۆكێك هەیە لای توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگەی ئێران قبووڵكراو بێت، بەڵام بێ ئەوەی رووبەڕووی دەسەڵاتی ئاینی لەو وڵاتە ببێتەوە، لە دووەم كۆبوونەوە چەند ناوێك خرانە روو، بەڵام خامنەیی پزیشكیانی هەڵبژارد، وەك كەسایەتییەك دەتوانێت یەكێتی دەسەڵاتداران بەهێز بكات و نێوانی دامەزراوەی ئاینی و گەلی ئێرانیش چاك بكاتەوە، هاوكات رێگە بۆ دیاریكردنی رابەری باڵای داهاتوو خۆش بكات.

سەعید لیلاز، شرۆڤەكاری ریفۆرمخواز لە تاران ئاماژە دەكات، پلانەكەی رابەر بۆ مانەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران تۆكمە بوو، پزیشكیان خۆی لە دروستبوونی تەنگژە ناوخۆییەكان دەپارێزێت، واتە لەگەڵ خەڵك و دامەزراوەی ئاینیش، ئەوەش رێگە بە سەرانی ئەو وڵاتە دەدات لە كەشێكی ئارام بڕیار لەسەر رابەری داهاتوو بدەن.

ئێستەش پێشبینی ناكرێت سەرۆكی نوێ گۆڕانكاری گەورە لە سیاسەتەكانی ئەتۆمی و دەرەكی ئێران یان لە مامەڵەكردن لەگەڵ گرووپ و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بكات، بەڵام لە نزیكەوە بەشداری لە پرۆسەی دیاریكردنی شوێنگرەوەیەك بۆ عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئەو وڵاتە، كە خاوەن بڕیاری كۆتاییە دەكات.

سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە دەكرێ تۆماری ریفۆرمخوازیی پزیشكیان ئێرانییە توڕەكان هێور بكاتەوە و رازیان بكات، ئەوەش مسۆگەری بۆ سەقامگیریی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لە سایەی زیادبوونی گوشارە دەرەكییەكان دەكات، بەوەش خامنەیی هاوپەیمانێكی بە متمانی دەست دەكەوێت لە پرۆسەی هەڵبژاردنی شوێنگرەوەی خۆی، جیا لەوە سەرچاوەیەكی تر گوتی، هێنانەپێشەوەی پزیشكیان بۆ هێوركردنەوەی ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەیە كە لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دوای گرتنی لە تاران و ئەو كۆتە توندانەی سەرۆكی پێشووی ئێران بەسەر ئازادییە كۆمەڵایەتییەكان سەپاندبوونی دروست بوون.  

بەپێی سەرچاوەكان سەرەتا پزیشكیان زانیاری بە پلان و بڕیارەكانی رابەر نەبوو، بەڵام بە هاندانی بەرپرسانی پێشووی نزیك لە نووسینگەی رابەر خۆی وەك كاندیدی تۆمار كرد، ئەو تەنانەت پێشبینی نەدەكرد ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور بەو رازی بن، بەڵام خامنەیی پلانی خۆی هەبوو و ئەنجوومەنەكە بە كاندیدبوونی رازی بوون، جیا لە رازیبوون بە كاندیدبوونی دوو پارێزگاری بەهێز، كە سەعید جەلیلی و محەمەد قالیبافن، بۆ ئەوەی پرۆسەكە دادەوەرانە و دیموكراسی دەركەوێت، هاوكات بۆ ئەوەی دەنگی پارێزگاران بەسەر هەردووكیان دابەش بێت و كەسیان نەتوانن لە یەكەم گەڕ بیبەنەوە.

جیا لەوانەی باس كران، دیپلۆماتكارێكی رۆژئاوا دەڵێت، لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری هاتنەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات لە كۆشكی سپی، ئێران پێویستی بە سەرۆكێكی میانڕەو هەیە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ رۆژئاوا و كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان، گوتەبێژیش بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، ناتوانین پێشبینیی ئەوە بكەین كە چی لە پشت پەردە لە هەڵبژاردنی دوایی سەرۆكایەتیی ئێران رووی داوە، بەڵام دەتوانین بە دڵنیاییەوە ئەوە بڵین كە هەڵبژاردنی ئێران پاك و ئازادانە نەبوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل