"پەكەكە هۆكاری ناسەقامگیریی سلێمانی و هەرێم و پاشەكشەی دۆزی كوردە لە باكور"

:: PM:09:35:18/07/2024 ‌

پەكەكە بە تەواوی دەستی خستووەتە ناو كاروباری پارێزگای سلێمانی و بووەتە مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییان، بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەكان، ئەوەش ترس و تۆقاندنی دروست كردووە، بۆیە سەقامگیریی سنوورەكەی خستووەتە ژێر مەترسییەكی گەورەوە، چونكە بە بەردەوام سنووری سلێمانی بۆردمان دەكرێت، چاودێرێكی سیاسی ئاماژە دەكات كە دەسەڵاتی پەكەكە لە سلێمانی لەفراوانبووندایە و خەریكی جێبەجێكردنی بەرنامە و پیلانەكانیەتی.

رێبوار كەلاری، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو لایەنەی لە پاراستنی ئاسمانی عێراق و سەروەریی هەرێمی كوردستان بەرپرسە دەسەڵاتی عێراقە، بەڵام عێراق لەو رووەوە هیچ بوونێكی نییە و بۆشاییەكی گەورە هەیە، لەوەش خراپتر پەكەكە و ئەو گرووپانەی لە ناوچەكە هەن و ئەوانەی سەر بەو گرووپە چەكدارییەن، هەرێمیان رووبەڕووی دۆخێكی خراپ كردووەتەوە و پیلانی خراپ دەگێڕن و دەستیان داوەتە كاری تیرۆر و كوشتن، پەكەكە پیلان لە دوای پیلان دژی هەرێم جێبەجێ دەكا و دەیەوێ ئاڵۆزی دروست بكات، بەو مەرامە بگات كە چەندین ساڵە بەدواویەتی و كاری بۆ دەكات، ئەویش خۆی بخزێنێتە ناو دەسەڵاتی سنوورەكە.

روونی كردەوە، پەكەكە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی گرتووە، لە قەندیل و شارباژێڕ و پێنجوێن و ئامێدی و چەند ناوچەیەكی تر، ئەمەش پیلانێكە بۆ تێكدانی ئارامیی هەرێمی كوردستان، هەرچییان بوێ و چۆنیان بوێ لەو سنوورانەوە كار بۆ تێكدانی دۆخی هەرێم دەكەن، لەناو شاریش بە ئاشكرا كاری رێكخستن دەكەن، لە سنووری سلێمانی دەستیان تێكەڵ كردووە و بە ئاشكرا هەن، ئەنجامدانی كاری تیرۆرستی و هەوڵی كوشتنیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی فراوان و باڵادەست لە سنوورەكە هەن و كاری خۆیان دەكەن و حیساب بۆ هیچ لایەكیش ناكەن،  تەنیا لە ناوچە سنوورییەكان نا، بەڵكو پەكەكە رێكخستنەكانی لە تەواوی سنووری پارێزگای سلێمانی فراوان كردووە، بۆیە هۆكاری ناسەقامگیریی سلێمانی و هەرێمی كوردستانە، لە باكوریش هۆكاری پاشەكشەی دۆزی رەوای كوردە.

لای خۆیەوە ئازاد ئەكرەم، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، لەوكاتەی پەكەكە لە هەرێمی كوردستانە تەنیا زیانی لە هەرێم و هاووڵاتی هەرێم داوە، بۆیە تەنیا زیان لە كوردستان دەدات و بووەتە هۆكاری پشێوی و ئاڵۆزی و شەڕ و كێشە و دەستدرێژی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، راستییەكەی هەرێمی كوردستان شوێنی پەكەكە نییە و مانەوەشی لێرە هیچ خزمەتێك بە هاووڵاتییانی هەرێم ناكات و تەنیا زیان لە قەوارەی هەرێم دەدات.

هەر پێوەست بەو بابەتە عەدنان ئەحمەد، هاووڵاتییەكی سلێمانییە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، دەسەڵاتی پەكەكە لە سلێمانی لەفراوانبووندایە و بەردەوام گەرا دادەنێت، خەریكی فراوانكردنی بەرنامە و پیلانەكانیەتی، لە شنگال هۆكاری ناسەقامگیرییە، هەموو ئەو پیلانانەشی بۆ پەلكێشكردنی سوپای توركیایە بۆ ناو خاكی هەرێم، بۆیە عەقلیەتی پەكەكە لەگەڵ كوردایەتی ناگونجێت، ئەو بۆردمانانەشی لە سلێمانی دەكرێن بەهۆی بوونی پەكەكەیە لە سنورەكە، هەر لە شارباژێڕ و پێنجوێن، ناكرێت سلێمانی بكرێتە قوربانی و خەڵك لە ترس و دڵەڕاوێكدا بن.

زیاتر گوتی، پەكەكە بەو جۆرە كار دەكات گوێ بۆ هیچ كەس و لایەنێك ناگرێت، لە سنوورەكە هەیە و مەترسی لەسەر هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەكان دروست كردووە، قسەیان لەگەڵ ناكرێ و كاری خۆیان دەكەن، بۆیە بەهۆی ئەو جموجۆڵانەی پەكەكە لە سنووری سلێمانی و بوون و كاری رێكخستنەكانیان لە سنوورەكە وای كردووە سلێمانی بە تەواوەتی بخرێتە ژێر رەحمەتی درۆنەكان.

شایەنی باسە ئەندام و چەكدارانی پەكەكە خۆشیان نازانن سەركردەكانیان خەریكی چین و چ پلانێك و بۆ بەرژەوەندیی كێ جێبەجێ دەكەن؟، پەكەكە بەناوی خەبات بۆ مافی كوردانی باكور دروست بوو، كەچی لەو ساتەوە تا ئێستە باكوری جێ هێشتووە و تەنیا بە ئاژاوەنانەوە و تێكدان و شێواندنی دۆخی پارچەكانیتری كوردستان خەریكە، ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات كە هیچ سوودێكی بۆ دۆزی كورد نییە، تەنانەت لە باشوور و رۆژئاوا مەترسیی گەورەی بۆ كورد دروست كردووە و وای كردووە خاك و سەروەریی ئەو ناوچانە بكەونە ژێر هەڕەشەی راستەوخۆی نەیارانی كورد، كە ئەوەی ئەوان ناتوانن بە ئاشكرا بیكەن، پەكەكە بە ئاسانی بۆیانی دەكات. 
 
وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت