ساڵ دوای ساڵ تەنگژەكانی عێراق بەردەوام و گەورەتر دەبن، بێ ئەوەی هیچ خواست و پلانێك بۆ چارەسەركردنیان هەبێت، حكوومەتەدوای یەكەكانیش كە شیعە بەسەریاندا زاڵە، پێكهاتەكانی تریان بە كارتەكانی گوشار بەستووەتەوە و ناكۆكی گەورەیان خستووەتە ناو ماڵیان بۆ ناچاركردنیان بۆ ملكەچی بۆ ویست وپلانی ئەوان، كە درێژەدانە بە تەنگژەكان، شارەزایەكی ستراتیجی ئاماژە دەكات كە حكوومەتی سوودانی دوایین هەلی لەدەست چووە و گەیشتووەتە لێواری رووخان.
د. ئەحمەد شەریفی، شارەزای ستراتیجی دەڵێت، حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، كاتێك بەڵێنی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوبەشانی سیاسیی خۆی بە چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و هیتریش دا، دوایین هەلی لەدەست دا و ئێستە لەبەردەم بژارەی رووخانە.
روونی كردەوە، حكوومەتی سوودانی حكوومەتی دوایین هەل بوو، بەڵام شتێكی سەیرە كە لە رێگەی جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان) و هاوبەشانی لە پرۆسەی سیاسی (سونە و كورد) ئەو هەلەی لەدەست خۆی دا، بۆیە ئێستە لەبەردەم بژارەی رووخانی حكوومەتی دوایین هەلداین، رووخانەكەش تەنیا لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییەكان و خراپیی ئیدارەدان نییە، بەڵكو رووخان لەسەر ئاستی بەڵێنەكانی بە پاراستنی ئاسایشی وڵات، كە دەمانخاتە ناو ململانێی كاریگەریی هاوسەنگییەكانی ناوچەكە لەسەر ناوخۆی عێراق، بە مانای دروستبوونی شەڕ لەگەڵ ئەمەریكا، كە ئەوەش دەبێتە ئەو تاڵە پووشەی پشتی حوشترەكە دەشكێنێت.
رافد عەتوانی، شرۆڤەكاری سیاسی ئاماژە بۆ پەرتەوازەبوونی هەڵوێستی میلیشیاكان لە دوای كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس دەكات، دووپاتی كردەوە كە لەو ساتەوە ئەوان بوونەتە سێ بەش، ئەوەشی لە هاوئاهەنگیی بەرگریكاری لە عێراق باسی دەكرێت، راستەقینە نییە چەند لایەنێكی حزبی و دەرەكی لەپشتە.
ئەو شرۆڤەكارە دەڵێت، دوای كوژرانی موهەندیس فەرماندەی میلیشیاكان پەرتەوازە بوون، بۆیە تا ئێستە ناوەندی لە بڕیاریان نەماوە، بەشێكیان لەگەڵ حكوومەت و بڕیارەكانین و بەشێكیان بوونەتە بەرەی بەرگریكاری و بەشەكەی تریان ئەوەی دەیانەوێ دەیكەن، بۆیە ئەوەی بەناوی هاوئاهەنگیی بەرگریكاری باسی دەكرێت، راستەقینە نییە و لایەنی حزبی و دەرەكیان لەپشتە.