هاوردەكردنی خەیار و بەرهەمەكانی تر لەلایەن عێراقەوە زیانی بە جووتیارانی هەرێم گەیاندووە

:: PM:09:08:23/07/2024 ‌

لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی سەوزە و میوەدا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و جووتیارانی ناوخۆ ساڵانە لە هەر بەرهەمێك سەتان و هەزاران تۆن بەرهەم دێنن، بەڵام هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە لە سنوورەكان زیانێكی زۆری لە جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆیی داوە، دەبێتە هۆی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی وەك پێویست و بەوەش ئەوان زیان دەكەن.

جووتیارانی پارێزگای سلێمانی لە دژی هاوردەكردنی خەیار و چەندین بەرهەمی تر ناڕەزایەتییان دەربڕی، باسیان لەوە كرد كە هاوردەكردنی خەیار زیانی لێ داون، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان دەتوانێت بەشی هەموو عێراق بەرهەم بێنێت و رەوانەی دەرەوەش بكرێت، لە لایەكی تر داوا دەكەن هاوردەكردنی سەوزەش رابگیرێت، چونكە ئێستە هەرێمی كوردستان لە ئاستی خۆبژێویدایە.

خەسرەو جاف، جووتیاری نموونەیی بە "وشە"ی راگەیاند، جووتیارانی هەرێمی كوردستان چەندین مانگ لەگەڵ بەرهەمەكانیان ماندوو دەبن و ئەو كشتوكاڵەی دەیكەن ماندووبوونی زۆری پێوە دەكێشن تا پێ دەگات و بۆ بازاڕ ئامادە دەكرێت، بەڵام لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانیان، هاوردەكردن زیانیان پێ دەگەیەنێت و بەرهەمی ئەوان ساغ نابێتەوە، جووتیار هەیە بەرهەمەكەی لێ ناكاتەوە، چونكە پارە ناكات یان پارەیەكی زۆر كەم دەكات كە هەقی گواستنەوەی بۆ عەلوەكان ناكات، لەوانە خەیار و كولەكە و شووتی پارە ناكات و هۆكارەكەش هاوردەكردنە.

باسی لەوەش كرد، ئەو كاتەی بەرهەمی ناوخۆیی پێ دەگات، هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوردەكردنی سەوزە نییە، بەتایبەتی خەیار و پەتاتە و پیاز و هەندێك سەوزەی تر، ئەوانە چەندین ساڵە لە ئاستی خۆبژێویدان و زۆر لە پێویستی ناوخۆ زیاترن و دەتوانین بەشی عێراقیش دابین بكەین و هەناردەی دەرەوەشی بكەین، بۆیە چ پێویست دەكات هاوردەكردن هەبێت و زیان لە بەرهەمی ناوخۆیی و جووتیاران بدرێت، بەرهەمی خۆمان دیارە چۆن بەرهەم دێت، بەڵام هی دەرەوە دیار نییە، بۆیە بۆچی زیان لە جووتیار بكەوێت؟

ئەو جووتیارە نموونەییە ئاماژەی كرد، پێویستە پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی بكرێت و لە كاتی پێگەیشتنیان هاوردەكردن قەدەغە بكرێت، بۆ ئەوەی جووتیاران زیان نەكەن و بتوانن بەرهەمەكانیان لە عەلوەكان ساغ بكەنەوە، ئەگەر لانی كەم قازانجیش نەكەن با تووشی زیان نەبن و بەهۆیەوە لە كشتوكاڵ هەڵگەڕێنەوە وێڕای ئەو هەموو ماندووبوونەوەی بە گەرما و سەرما دەیبینن.

لای خۆیەوە سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیكای عەلوەی سلێمانی بە "وشە"ی گوت، لە لای ئێمەوە هاوردەكردن قەدەغەیە، بەڵام حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بەهۆی موحەرەمەوە بۆ ماوەی مانگێك مەرزەكانی كردووەتەوە، ئەوەش وای كردووە خەیار و بەرهەمەكانی تر هاوردە بكرێن و نرخی خەیار لە ناوخۆ كەم بێتەوە، چونكە بەشی زۆری خەیاری هەرێم بۆ عێراق دەڕوات، بەڵام ئێستە بەهۆی ئەوەی لە عێراقەوە خەیار هاوردە دەكرێت، خواست لەسەر خەیاری هەرێم نەماوە و خەیار ناچێت بۆ عێراق.

پێوەست بەو بابەتە كۆسار سەلیم، جووتیارێكی ترە و بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەرێمی كوردستان خاوەنی بەرهەمێكی زۆری سەوزە و میوەیە و ساڵانە لە هەر یەكەیان بە سەتان هەزار تۆن بەرهەم دەهێنرێت، سەرەڕای ئەوەی لە پێویستیی ناوخۆیی زیاترە و بەشێكی رەوانەی شارەكانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە حكوومەت بە دەیان هەزار تۆ‌ن پەتاتە رەوانەی دەرەوە دەكات، بۆیە هەر جۆرە هاوردەكردتێكی ئەو بەرهەمانە زیان بە جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆیی دەگەیەنێت.

پێشتر لە كاتی سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كێڵگەیەكی پەتاتە، جووتیاران داوایان لە سەرۆكی حكوومەت كرد، هاوردەكردنی پەتاتە لە مەرزەكانی سنووری سلێمانی رابگرێت، چونكە تووشی زیانی زۆر بوون و بەهۆیەوە بەرهەمی ناوخۆ ساغ نابێتەوە، هەروەها محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشتر داوای لە وەزیری كشتوكاڵ كردبوو هاوردەكردن لە مەرزەكانی سلێمانی، بەتایبەتی هێلكە قەدەغە بكرێت، چونكە زیانی بە بەرهەمی ناوخۆیی عێراق و هەرێم گەیاندووە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل