لە راپرسیەكان هاریس لە پێش ترەمپە

:: PM:10:03:23/07/2024 ‌

دوای ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا و كاندیدی حزبی دیموكرات پاشەكشەی لە كێبەركێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا راگەیاند، خەریكە راپرسیەكان پێشكەوتنی كامالا هاریسی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا دووپات دەكەنەوە، دوای ئەوەی پێشتر پێشكەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوو و كاندیدی كۆماریەكانیان پێشان دا.

دوای ئەوەی دوێنێ جۆ بایدن بە گوشاری زۆری پارەبەخش و سەركردە و سیناتۆرەكانی حزبی دیموكرات پاشەكشەی كرد، ئەو پاڵپشتیی خۆی بۆ كامالا هاریسی جێگری بۆ بوون بە كاندیدی دیموكراتەكان لە كێبەركێی سەرۆكایەتی راگەیاند، لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بێتە سازكردن، ئەگەرچی هێشتا ئەو حزبە بە فەرمی كەسی وەك كاندید دیاری نەكردووە و بڕیارە لە 19ی ئابی داهاتوو كۆنگرەی گشتیی ببەستێت.

بەپێی راپرسییەكی "رۆیتەرز" و "ئیبسوس"، هاریس بە دوو خاڵ لە پێش ترەمپە، ئەوەش دوای ئەو گۆڕانكاریە گەورەی شەوی رابردوو رووی دا، لە راپرسیەكە هاریس 44% و ترەمپ 42%ی دەنگەكانیان بە دەست هێنا، لەوكاتەی لە راپرسیەكی 15 و 16ی حوزەیرانی رابردوو یەكسان بوون و لە راپرسیەكی سەرەتای ئەم مانگەش ترەمپ بە خاڵێك لە پێش بوو. 

ئەو راپرسیانە پێش هەموو هەڵبژاردنێك دەكرێن و ئاماژەیەكی گرنگە بۆ پاڵپشتیی ئەمەریكیەكان بۆ هەر كاندیدێك، بەڵام دەنگدەران لەو ویلایەتانەی ركابەریی بەهێزی هەردوو حزبیان تیادا هەیە ئەنجامی دەنگدان یەكلا دەكەنەوە.

ئەگەرچی هێشتا هاریس وەك كاندیدی فەرمیی دیموكراتەكان دیاری نەكراوە، بەڵام تا دێت پاڵپشتی بۆ كاندیدكردنی زیاتر دەبێت، كاتێك هەردوو سەركردەی دیموكراتەكان لە كۆنگرێس پاڵپشتیی خۆیان بۆی دەربڕی، جیا لە پاڵپشتیی زۆرینەی ئەندامانی ئەو حزبە، بەتایبەتی ئەو چوار هەزار ئەندامەی بە فەرمی كاندیدی حزبەكە دیاری دەكەن، ئەوان نیازی خۆیان بۆ پاڵپشتیكردنی هاریس دووپات كردەوە.     


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل