یاریزانێكی عێراقی لە ئۆڵۆمپیاتی پاریس چووە مێژووەوە

:: PM:07:31:26/07/2024 ‌

ئاژانسی پشكنینی نێودەوڵەتی ئاشكرای كرد، بەهۆی ئەنجامی پشكنینەكەیانەوە، یاریزانێكی عێراقی یاریی جۆدۆ ئاشكرا بووە كە مادەی وزەبەخشی بەكار هێناوە و پێش ئەوەی ئۆڵۆمپیاد دەست پێ بكات، دەركرا، بەمەش ناوی چووە مێژووەوە.

ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسەكە ئاشكرای كرد، سەجاد غانم، یاریزانی تەمەن 28 ساڵی یاریی جۆدۆی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیاتی عێراق، مادەی میپاندینۆن و بۆلدینۆنی بەكار هێناوە كە هەردوو مادەكە لە وزەبەخشە قەدەغەكراوەكانن.

ئاژانسی پشكنینی نێودەوڵەتی گوتی، ئێستە ئەو یاریزانە ڕایگراوە و بۆی نییە بەشداری ئۆڵۆمپیات بكات، تا ئەو كاتەی سزاكەی لەسەر لادەچێت، ئەمەش واتە لە ئۆڵۆمپیاتی پاریس 2024 بەشدار نابێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە پاریس ئاهەنگی دەستپێكردنی 33مین یارییەكانی ئۆڵۆمپیاتی هاوینە بە بەشداری 120 شا و سەرۆك وڵات و سەرۆك وەزیرانی وڵاتان بەڕێوە دەچێت، كە بڕیارە لە كەنار رووباری سین لە پاریس ساز بكرێت و سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و راوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆكی ئیتاڵیا و سەرۆك وەزیرانی یۆنان و خانمی یەكەمی ئەمەریكا ئامادەی بن.



وشە - عەبدوڵا عومەر