وێڕای نەخۆشییەكەی.. سیلین دیۆن بە گۆرانی ئۆڵۆمپیادی پاریس دەكاتەوە

:: AM:09:56:27/07/2024 ‌
سیلین دیۆن كە یەك لە ئەستێرە زۆر ناودارەكانی گۆرانیی جیهانییە، وێڕای ئەوەی تووشی نەخۆشییەكی مەترسیدار بووەتەوە، بەڵام بۆ كردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پاریس، دوێنێ ئامادە بوو و بە گۆرانییەكی ناوداری بەشداریی لەو كردنەوەیە كرد.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 27ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، سیلین دیۆن كە لە ساڵی 2020وە بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشییەكی مەترسیدار، لە گۆرانیگوتن دوور كەوتووەتەوە، كەچی وەك خۆی دەڵێ بەهۆی خۆشەویستیی بۆ فڕەنسا، لە ئۆڵۆمپیادی پاریس ئامادە بوو و بە گۆرانیی "سروودی خۆشەویستی" ئۆڵۆمپیادەكەی كردەوە.

دیۆن كە ئێستە تەمەنی گەیشتووەتە 56 ساڵ، لە ساڵی 1996یش بە گۆرانیگوتن، یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی پاریسی كردەوە.

جاستن ترۆدۆ سەرۆك وەزیرانی كەنەدا لەبارەی ئامادەبوونی دیۆن لە ئۆڵۆمپیادی پاریس، لەڕێی "ئێكس"ەوە نووسیویەتی، دیۆن توانیویەتی زۆر هەنگاوی گەورە ببڕێت تا لە كردنەوەی ئۆڵۆمپیاد ئامادەیی هەبێت، بۆیە دڵخۆشین كە لەو بۆنەیە گۆرانیمان بۆ دەڵێت.

سیلین دیۆن /56 ساڵ/ جیالەوەی خاوەنی دەیان ئەلبوومی گۆرانییە، بە یەكێك لە خاتوونە زۆر ناودارەكانی گۆرانیی جیهانی هەژمار دەكرێت، بەتایبەتیش گۆرانییە زۆر ناودارەكەی "مای هارت وێڵ گۆ ئۆن" كە ساڵی 1997 بۆ فیلمی سینەمایی "تایتانیك" تۆماری كرد و بووە یەك گۆرانییە جیهانییەكان.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د