"پەكەكە سلێمانی كردووتە ناوچەیەكی مەترسیدار و پێویستە لە هەرێمی كوردستان دەربچن"

:: PM:09:06:27/07/2024 ‌

ماوەی هەفتەیەكە چوار جار بە چڕی بۆردمانی سنووری پارێزگای سلێمانی كراوە، ئەوەش بەهۆی بوونی چەكدارانی پەكەكە لە سنووری پارێزگاكە، بۆیە هاووڵاتییان و سنوورەكەش كراونەتە قوربانی بەرژەوەندیی گرووپێكی چەكداری نایاسایی مەترسیدار، ئێستە خەڵكەكە لە مەترسیدان و لە ماوەی شەو و رۆژێكدا چەندین ناوچە بە فڕۆكە بۆردمان كراون.

لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا گوندەكانی سنووری نزارە لە پێنجوێن، هەروەها ماوەت و گەڵاڵە و چەند گوندێكی تری شارباژێر و سنووری ئاغجەلەر لە چەمچەماڵ بە چڕی بۆردمان كراون و بۆردمانەكەش بە فڕۆكە بووە، بەو هۆیەوە خەڵكی سنوورەكەی رووبەڕووی مەترسی و دڵەڕاوكێ بوونەتەوە و ترسیان لێ نیشتووە، هۆكاری ئەوەی بەسەر سلێمانی دەهێنرێت پەكەكەیە، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خەڵك و سنوورەكەی كردووەتە قوربانی ئەو گرووپە.

ئازاد ئەكرەم، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەوبارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە جگە سەرئێشە و زیانگەیاند بە هەرێم و قەوارەی كوردستان هیچ سوودێكی نییە، لە هەر شوێنێك بێت دەبێتە مەترسی و خەڵك رووبەڕووی ترس و دڵەڕاوكێ دەبنەوە، ئاشكرایە بوونیان لە سنووری سلێمانی هەیە و بەو هۆیەوە خەڵك لە مەترسیدان، ئەوان گرووپێكی چەكداری نایاسایین لە ناو كوردستان.

لای خۆیەوە رێبوار كەلاری، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، بەهۆی پەكەكەوە سلێمانی بووەتە ناوچەیەكی مەترسیدار بۆ هاووڵاتییانی، لە سلێمانی بە فراوانی بوونی هەیە و كاری خۆی دەكات، ئەمەش وای كردووە توركیا بۆردمانی سنوورەكە بكا و مەترسیش لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دروست بكات، ئاشكرایە شەڕ لە نێوان توركیا و پەكەكە هەیە، كاتێك پەكەكە بە ئاشكرا لە سنووری سلێمانی بسووڕێتەوە و كاری خۆی و هاتوچۆ بكات، توركیاش بەردەوام چاودێرییان دەكات، بۆیە لە هەر كاتێكدا بێت مەترسین لەسەر سلێمانی، كاتێك بەردەوام درۆن بەسەر سنوورەكە دەسووڕێتەوە.

باسی لەوەش كرد، پەكەكە نەك هەر لە سلێمانی و دەوروبەری، بگرە نابێت لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان بمێننەوە و دەبێت دەربچن، چونكە ئەوان بچنە هەر ناوچەیەك كێشە بۆ خەڵكەكەی دروست دەكەن، بوونی ئەوان ناسەقامگیری لە ناوچەكە دروست دەكا و ئارامی تیادا نامێنێت و خەڵك دەترسن.

ئەو چاودێرە دووپاتی كردەوە، وەك چۆن بەردەوام درۆن بە ئاسمانی شارباژێڕدا دەسووڕێتەوە، لە ناوچەی ئامێدی و دەوروبەریشی هەن و ترس لای هاووڵاتییان دروست دەكات، بۆیە بەهۆی بۆردمانەكانی پەكەكەوە خەڵكی سڤیل و سەروماڵیان دەكرێنە ئامانج.

داڵدەدانی پەكەكە لە سلێمانی مەبەستدارە و كێشەی سەرەكی لەو بابەتە هزر و بەرژەوەندییە نەك شارەكە، لەوكاتەی هیچ شوێنێك بەو هزرەی پەكەكە پێڕەوی دەكات لە سیاسەت و بەرنامە سەلامەت و پارێزراو نابێت، پەكەكە نەك هەر یارمەتیدەری دۆزی رەوای كورد نییە، بەڵكو بەربەست و هۆكارێكی خراپە، ئەوان بوونەتە هۆكاری ناسەقامگیری لە كوردستان و سلێمانیش لە چوارچێوەی مەترسیدایە.

پێوەست بەو بابەتە ئەمجەد عەزیز، هاووڵاتییەكی شارباژێر بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەهۆی پەكەكەوە شەو و رۆژ خەڵكی ئەو گوندە سنووریانەی شارباژێر، بەتایبەتی گەڵاڵە و ماوەت لە ترس و دڵەڕاوكێدان، بەردەوام درۆن بە ئاسمانی شارەكە دەسووڕێتەوە و خەڵك ناوێرێت بچێتە ناو رەز و باخ و شوێنی خۆی لە ترسی ئەوەی بۆردمان بكرێت.

روونی كردەوە، دوو ساڵ پێش ئێستە ناو گەڵاڵە بۆردمان كرا، بەردەوامیش فڕۆكە بە ئاسمانی سنوورەكە دەسووڕێتەوە، بۆیە بەهۆی بوونی پەكەكە و بۆردمانەكانی توركیا خەڵك ژیانی لە مەترسیدایە، پاریش ژمارەیەك خەڵكی سیڤیل بەهۆی ئەو بۆردمانانەوە بوونە قوربانی.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت