نەخۆشییەكانی جگەر زیادیان كردووە تەندروستیی هەولێریش ڕێنوێنی بڵاو دەكاتەوە

:: AM:11:32:29/07/2024 ‌
هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی لە جۆری B نەخۆشییەكی مەترسیدارە و پێویستە بە زووترین كات كەسی تووشبوو چارەسەر وەربگرێت. پسپۆڕێكی نەخۆشییەكانی هەرس و جگەر  رای گەیاند، جۆرێكی ڤایرۆسی جگەر ئەگەر چارەسەری نەكەیت دەبێتە هۆی شێرپەنجە. 

 د. ئاڵتوون مەحموود پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەرس و جگەر، بە "وشە"ی راگەیاند، هەوكردنی جگەر مەترسیدارترین جۆری هەوكردنی جگەرە كە هۆكارەكەی پێنج جۆری ڤایرۆسە. هەوكردن بە ڤایرۆسەكانی جگەری جۆری B و C قورسترین ڤایرۆسن كە تووشی جگەر دەبن و هەوكردنی درێژخایەن دروست دەكەن.

 ئەو پسپۆڕە ئاماژە بە ئامارێكی سەنتەرەكەیان دەكات كە لە ساڵی 2015ـەوە 684 تووشبووی هەوكردنی جگەری جۆری B تۆمار كراون و دەڵێت، تووشبوون بەو ڤایرۆسە زۆر زیاترە و ساڵانەش ژمارە تووشبووان بەرز دەبێتەوە.

د. ئاڵتوون ئەوەشی گوت، هەوكردن بە ڤایرۆسەكانی جگەری جۆری B و C قورسترین ڤایرۆسن كە تووشی جگەر دەبن و هەوكردنی درێژخایەن دروست دەكەن.

لەبارەی مەترسییەكانەوە تەندروستیی هەولێر، چەند ڕێنوێنییەكی خۆپارێزی بڵاو كردووەتەوە، ئەوانیش پێكهاتوون لە وەرگرتی پێكوتە، دڵنیابوون لە سەرچاوەی خوێن، دووركەوتنەوە لە كردەی فرەسێكسی، چاودێریی دایك لە كاتی دووگیانی ئەگەر دایكەكە تووشبوو بوو.

لەبارەی رێیەكانی گواستنەوەوە تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوە كردووە، گواستنەوەی خوێن و پێكهاتەكانی خوێن و دەرزی و كەلوپەلی نەشتەرگەریی پیسبوو، هۆكاری گواستنەوەی نەخۆشییەكانن.

لەبارەی نیشانەكانەوە دەڵێت، نیشانەكانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و ئارەقكردنەوە، بێ‌ هێزی و كەمبوونەوەی توانای خواردن، دڵتێكەڵهاتن و ڕشانەوە، ئازار لە بەشی سەرەوەی لای راستی سك، ئازاری ئیسك و ماسولكە، گۆڕانی رەنگی میز بۆ رەنگی تۆخ.



وشە - سۆران عەزیز