پۆلیسی هەولێر گیرانی دزێكی راگەیاند كە تۆمەتبارە بە دزینی حەوت ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر، چەندان ساڵیانەی ئۆتۆمبێل و كۆمەڵیك پارە، هاوكات چەندان بەڵگەنامەی تریشی ساختە كردووە و بەكاری هێناوە لەگەڵ چەكی بێ مۆڵەت.
ئەمڕۆ سێشەم 30ی تەمووزی 2024، لە راگەیەنراوێكی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، دوای ئەوەی چەندان سکاڵامان پێگەیشت لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەسەر ڕوودانی چەندان حاڵەتی دزی کردن، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر/بەشی نەهێشتنی تاوان، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
پۆلیس روونی كردووەتەوە، لە ئەنجامدا توانیمان شوێنی تۆمەتبار دەستنیشان بکەین و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر تۆمەتبارەکە گیرا کە هەستاوە بە دزینی حەوت ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر و چەندان ساڵیانەی ئۆتۆمبێل و کۆمەڵێک پارە و چەندان بەڵگەنامەی تریشی ساختە کردووە و بەکاریهێناوە لەگەڵ چەکی بێ مۆڵەت.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەی پۆلیسدا هاتووە، لە ئێستەدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و تۆمەتبار ددانی ناوە بە تاوانە جۆر بە جۆرەکاندا و بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە.