لە ماوەی سێ رۆژدا بە شێوەیەكی فراوان ئاگر چوار دەوری شاری سلێمانی داوە و خەریكە شارەكە دەسووتێت، كەچی تا ئێستە هیچ كەسێك لەسەر كردنەوەی ئاگرەكان نەگیراوە و لایەنە پێوەندیدارەكانیش هەر باسی لێكۆڵینەوە دەكەن، چالاكوانان پێیان وایە ئەو ئاگرانە بە مەبەست دەكرێنەوە و ئامانجیان لە پشتە.
لە ماوەی سێ رۆژدا ئاگر لە شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ بەردراوە و سەرو 400 دۆنم زەوی و پوش و داری سەوز سووتاون، هەروەها ئاگر لە ناوچەی شارباژێر كەوتووەتەوە و سەرو 800 دۆنم زەوی سووتاوە، لە لایەكی ترەوە ئاگر لە سیتەكی سلێمانی كەوتووەتەوە و بە سەتان دۆنم زەوی سووتاوە، بەڵام لەسەر ئەو ئاگرانە هیچ كەسێك نەگیراوە.
سەبارەت بەو ئاگرانە كامەران سەلیم، هاووڵاتییەكی شارباژێڕی سلێمانییە بە "وشە"ی گوت، ماوەی سێ رۆژە ئاگر لە چەندین ناوچە و گوندی شارباژێر كەوتووەتەوە، بە هەزاران دۆنم زەوی و باخ و بێستان و پووش و داری سروشتی سووتاون كە ئەوەش زیانێكی زۆری لە ژینگە و سروشتی ناوچەكە داوە، دوو رۆژ پێش ئێستە بە هەوڵی خەڵكی ناوچەكە و گوندەكان ئاگری سنووری گەڵاڵەیان كوژاندەوە، شەوی رابردوو جارێكی تر ئاگر لە ناوچەكە كەوتووەتەوە، ئەو ئاگرانە بە هۆی بۆردمانی توركیا و خەڵكی ناوشیار روو دەدەن و لە ئەنجامدا زیان بە ناوچەكە دەگات.
لە رۆژانی رابردوو ئاگرێكی گەورە بەشێكی زۆری شاخی گۆیژەی سووتاند و زیاتر لە 200 دۆنم زەوی شاخەكە سووتا و یەك پارچە شاخەكەی لە سەوزایی و دار بۆ رەشی گۆڕیووە، هیچ كەسێكیش نەگیراوە، چالاكان پێیان وایە ئەو ئاگرەی گۆیژە بۆ لابردنی چاوەكان بوو لەسەر رووداوەكەی گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، كە چەكدارێكی كۆماندۆ كاسبكارێكی بە ناوی "ئاری چایچی" كوشت و رای گشتی و خەڵكی شارەكە و چالاك و سیاسەتوانان بە تێكڕا دژی ئەو پاوانخوازییەی كۆماندۆ هاتنە دەنگ، كە شارەكەیان بەرەو ئاڵۆزی بردووە.
هەر هەمان رۆژ ئاگرێك لە چیای ئەزمەڕ كەوتەوە و سەرو 100 دۆنم زەوی و داری سووتاند، ئەمڕۆ سێشەم بە هەمان شێوە ئاگرێك لە سیتەك لە نزیك شوقەكانی كرێچییان كەوتەوە و سەت دۆنم زەوی و داری سەوزی سووتاند، بۆیە بوونی ئەو هەموو ئاگرە لە چواردەوری سلێمانی خەریكە شارەكە دەسووتێنن و هیچ كەسێكیش نەگیراوە.
دلاوەر ئەحمەد، چالاكێكی دیارە و سەبارەت بەو ئاگرانەی سلێمانی نووسیویەتی، بوونی ئەو ئاگرانە، بە تایبەتی ئاگرەكەی شاخی گۆیژە، كە شەوی رابردووتر درەنگانێكی شەو كەوتەوە و تا بەرەبەیان بەردەوام بوو، دەستی یەكێتی تێدا بوو.
ئاماژەی كرد، چونكە رۆژی پێشتر رووداوی كوشتنی چایچییەكەی گەڕەكی راپەڕین رووی دا بوو و خەڵكی شار تێكڕا هێرشیان كردە سەر ئەو حزبە و كۆماندۆ كە چۆن شارەكەیان وێران كردووە، یەكێتیش بۆ ئەوەی چاوەكان لەسەر ئەو رووداوە لاببات، هەستا بە سووتاندنی شاخی گۆیژە تا ئاراستەی دۆخەكە بگۆڕێت.
هەر پێوەست بەو بابەتەوە ئەرسەلان ئەحمەد، چالاكێكی بواری ژینگە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، چەند رۆژێكە سنووری سلێمانی بە سەختی ئاگری گرتووە و بەشێكی ناوچەكە سووتاوە، ئەمە چەندین زیانی هەیە و لە هەمووشی خراپتر ئەوەیە ئەو دارانەی كە چەندین ساڵە هەن و ژینگە و هەوای سلێمانی دەپارێزن دەسووتێن و لەناو دەچن.
ئەو چالاكە دووپاتی كردەوە، سلێمانی ناوچەیەكە پێویستی بە هەوای پاك هەیە، كاتێك ئەو سەوزایی و دارانە بسووتێن، ئەمە راستەوخۆ كاریگەریی خراپ دروست دەكات، چونكە هەر سووتانێك ژینگە دەشێوێنێت و هەوای ناوچەكەش پیس دەكات.
شایەنی باسە ئەمە یەكەمجارە نییە بەو شێوەیە ئاگر لە دار و زەوی سلێمانی بەر دەدرێت، چەند ساڵێك پێش ئێستە بە هەمان شێوە، ئاگر لە سنەوبەرەكانی رێگەی تاسڵوجە بەر درا و دواتر شوێنەكەیان پارچە پارچە كرا و كران بە پێشانگەی ئۆتۆمبێل و بە پارەیەكی زۆر فرۆشران.
وشە/ تایبەت