ئەمڕۆ 41 ساڵوەگەڕی ئەنفالی بارزانییەكانە

:: AM:09:29:31/07/2024 ‌
ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ئەنفالی بارزانییەكانە كە هەشت هەزار بارزانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنفال كران، ساڵی رابردوو تەرمی 100 بارزانی لە بیابانەكانی ئەنبار هێنرانەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 31ـی تەمووز، 41 ساڵ بەسەر ئەنفالی بارزانییەكان تێپەڕ دەبێت، رژێمی بەعس هەشت هەزار ژن و پیاوی و منداڵی بارزانیی ئەنفال كرد.

دوو ساڵی رابردوو لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆ یادەكە بە هێنانەوەی تەرمی 100 بارزانیی ئەنفالكراو لە بیابانەكانی ئەنبار، لە دەڤەری بارزان بەڕێوە چوو.

رژێمی لێخراوی عێراق لە نیسان/ئەپریلی 1988دا زنجیرەیەك شاڵاوی سەربازیی بەناوی "ئەنفال" بە هەشت قۆناغ لە دژی كوردی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا، تێیدا دەیان هەزار كەس لە دانیشتووانی سڤیلی ئەو ناوچانە بێسەروشوێن كران و دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، پرووسكی ژمارەیەكیان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان دۆزرانەوە و بەشێكیان گەڕێنراونەتەوە هەرێمی كوردستان.

قۆناغی یەكەم لە 22ی شوبات/یەنایەری 1988 بۆ سەر دۆڵی جافایەتی دەستی پێ كرد و سێ هەفتەی خایاند.

قۆناغی دووەم لە 22ی ئادار/مارسی 1988 بۆ سەر ناوچەی قەرەداخ دەستی پێ كرد و تا 30 هەمان مانگ بەردەوام بوو، قۆناغی سێیەم كە فرەوانترین قۆناغی ئەنفال بوو لە حەوتی نیسان/ئەپریلی 1988 بۆ سەر ناوچەی گەرمیان دەستی پێ كرد.

قۆناغی چوارەم لە سەرەتای مانگی ئایار/مایۆی 1988 ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی و گوندەكانی نزیك زێی بچووكی گرتەوە، قۆناغەكانی پێنجەم، شەشەم و حەوتەم لە 15ی ئایار/مایۆی 1988 تا 28ی ئاب/ئۆگستسی هەمان ساڵ، سنووری گوندەكانی هەولێری گرتەوە و بەچەكی كیمیایی ئەو گوندانەی كاول كرد.

قۆناغی هەشتەم لە 25ی ئاب/ئۆگستسی 1988 دەستی پێ كرد، تا شەشی ئەیلوول/سێپتێمبەری هەمان ساڵ ناوچەی بادینانی گرتەوە.

دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال لە 21 ئاب/ئۆگستسی 2006 دەستی پێ كرد و دوای چەندان دانیشتن، لە 24 حوزەیران/یۆنیۆی 2007دا حوكمی لەداردان بۆ عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە"عەلی كیمیایی" ئامۆزا و گەورە یاریدەدەری سەدام حوسێن، سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری و حوسێن رەشید تكریتی دەرچوو.


وشە - رامیار جەواد