لە بەرانبەر سەگكوژانی ئاكپارتی، دەنگی ناڕەزایی لە ناوخۆی توركیادا زۆر بووە و بەشێكی زۆر لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و چالاكانی ئەو وڵاتە، دژی سەگكوژان هەڵوێستیان وەرگرتووە و كچەكەی ئیبراهیم تاتڵیساسیش دەڵێت، لەمڕۆوە من سەگم.
دیلان چتاك تاتڵیساس كچی هونەرمەندی دیاری تورك ئیبراهیم تاتڵیساس، بەنیگەرانییەوە پڕۆژەیاساكەی حزبەكەی ئەردۆغان دەڕوانێت و دەڵێت، ئەوەی هەیە كارەساتە دژی ئاژەڵان و لەمڕۆوە من لە دژی ئەو بریارە هەڵوێست وەردەگرم و خەڵك دەتوانن بە ئاژەڵ یان بە سەگ بانگم بكەن.
ئەم هەڵوێستەی دیلان و ئەوانی تریش لە كاتێكدایە، ئاكپارتی بە پڕۆژەیاسایەك لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، بڕیاری لەناوبردن و كۆكردنەوەی سەرجەم سەگی بەڕەڵای دا، تەنانەت پارە دەدا بە خەڵك بۆ ئەوەی سەگەكانی خۆشیان لە ماڵەوە لەناو بەرن.
لە ڤیدیۆكەدا كە لە ڕێی هەژماری فەرمی ئینستاگرامەوە بڵاوی كردەوە، دیلان دەڵێت، "من لە ئەمڕۆوە پێم خۆش نییە وەك مرۆڤ بانگم بكەن، مرۆڤایەتی شكۆی لە دەست داوە، مرۆڤبوون بووە بەشتێكی سووك و خراپ".
ئەم قسانەی دیلان كاردانەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروست كردووە و خەڵكێكی زۆر بۆیان نووسیوە، ڕۆژانە بە بەرچاوتەوە مرۆڤ دەكوژرێت، تۆ بۆ سەگ وا خۆت تێكداوە، كوردێك بەناوی "خانی" بۆی نووسیوە، 100 ساڵە كورد لە توركیادا دەكوژرێـت، كەچی تۆ لەگەڵ باوكت گۆرانی بۆ جەلادەكان دەڵێن.
دیلان لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت، "لە ئەمڕۆوە هەموو كەس دەتوانێت بە "سەگ" بانگم بكات، ئەمە شتێكە مایەی شانازییە و شانازیشی پێوە دەكەم، بەڕاستی شانازی دەكەم كە ئەوەندە بوونێكی شەرەفمەندانەم هەبێت، بەڵام شانازی بە مرۆڤبوونمەوە ناكەم".
دیلان چتاك تاتڵیساس، ساڵی 1989 لە دایك بووە، ماوەی چەند ساڵێكە دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە، لە توركیا و لەناو هونەرمەندە گەنجە ناسراوەكان، بەهۆی باوكیەوە زوو ناوی بڵاو بووەوە.