ئەمەریكا: پابەندین بە پاراستنی بەرژەوەندییەكانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

:: PM:09:18:31/07/2024 ‌

دوای پەرەسەندنەكانی دوێنێ و ئەمڕۆی ناوچەكە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە هەموو رێوشوێنەكان بۆ پاراستنی كەس و بەرژەوەندییەكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرنە بەر، هاوكات ئەمەریكا پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و بەرگری لێكردنی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە، چاومان بە بەیاننامەكەی بزووتنەوەی حەماس لەبارەی ئیسماعیل هەنییە كەوتووە، نامانەوێ باسی هیچ لێكەوتە و كاردانەوەی رووداوەكە بكەین، واشنتن هەموو رێوشوێنێك بۆ پاراستنی گیانی كەس و بەرژەوەندییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەردەگرێت.

روونی كردەوە، هەروەها ئەمەریكا پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و بەرگری لێكردنی لە دژی هەر هێرشێكی سەرشێتانە رەنگە ئێران ئەنجامی بدات، هاوكات هەوڵەكانمان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن بەردەوامە و بۆ ئێمە و ناوچەكەش گرنگییەكی لەپێشینەی هەیە.

دوێنێ سێشەم جیا لە كوژرانی فەرماندەیەكی باڵای حزبوڵای لبنانی لە باشووری بەیرووت بە ناوی فوئاد شوكر، لە وەڵامی هێرشەكانی هەفتەی رابردوو بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار، ئەمەریكا بۆردمانی بنكە و جبەخانەكانی حزبوڵای عێراقی لە ناوچەی جەرف سەخەر لە بابل كرد.

ئەحمەد یاسری، توێژەری سیاسی و تەناهی دەڵێت، وەڵامدانەوەی میلیشیاكان بۆ هێرشەكەی ئەمەریكا ئاسایی و وەك جاران دەبێت، لە رێگەی درۆن و مووشەك بنكەی عەین ئەسەد یان دەوروبەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا دەكەنە ئامانج، بۆیە وەڵامی ئەوان سنووردار و تەنیا بۆ گەیاندنی پەیام دەبێت، بەڵام ئەگەر رووبدات كاریگەریی خراپی دەبێت و رەنگە ئەمەریكا پەنا بۆ كوشتنی فەرماندەی میلیشیاكان ببات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل