سەركردەیەكی بزووتنەوەی حەماس لە ئێران ئەمڕۆ لە وتارێكدا دووپاتی كردەوە، تا بە تەواوی ئیسرائیل لە خاكی فەلەستین دەردەكەین و دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی دادەمەزرێنین، لە بەرخۆدان و شەڕەكان بەردەوام دەبن.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "
ئەهرام"ی میسری، ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، خەلیل حەیە كە یەك لە سەركردە دیارەكانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینییە، لە رێوڕەسمی نوێژی مردوو بۆ ئیسماعیل هەنییە لە تاران، وتارێكی خوێندەوە و رای گەیاند، تا بە تەواوی ئیسرائیل لە خاكی فەلەستین دەردەكەین و دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی دادەمەزرێنین، لە بەرخۆدان و شەڕەكان بەردەوام دەبین.
دوای ئەوەی بەرەبەیانیی زووی دوێنێ چوارشەم لەڕێی مووشەكێكی پێشكەوتووی ئیسرائیلی، ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و پاسەوانێكی لە تاران كوژرا، ئەمڕۆ نوێژی مردوو لەسەر هەنییە لە تاران كرا و دواتر تەرمەكەی بۆ قەتەر دەبرێت. ئێران و مقاوەمەی ئیسلامی بەڵێنی تۆڵەكردنەوەیان هەنییەیان داوە بەوەی گورز لە ئیسرائیل دەوەشێنن.
خەلیل حەیە لە وتارەكەیدا دووپاتی كردەوە، مقاوەمەی ئیسلامی بەردەوام دەبێ لە راوەدوونانی ئیسرائیلییەكان و دەركردنیان لە خاكی فەلەستین و قودس، بۆیە تیرۆركردنی هەنییە بە ئاسان تێناپەڕێت و وەڵامی توندی مقاوەمەی بەدواوە دەبێت.
دواتریش دووپاتی كردەوە كە بەڵێن بە گەلەكەیان و شەهیدەكانیان دەدەن، لەسەر رێی مقاوەمە و شەڕكردن لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوام دەبن، تا ئەوكاتەی ئاوارە فەلەستینییەكان بگەڕێنەوە شوێنەكانیان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دێتە كایەوە.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكاستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.
لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی زیاتر لە 36 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 80 هەزار كەسیش بریندار بوون.
لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.