ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئاب، دووەم كۆڕبەندی پەروەردەیی كوردستان بە ناونیشانی "پەروەردەی باش، دەرفەتی باشتر"، بە چاودێریی وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد.
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە گوتارێكدا گوتی، ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی 100 ساڵەی كەرتی پەروەردە لە كوردستان بدەینەوە، ئەوە دەبینین بە چەندان قۆناغدا تێپەڕیوە.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە كرد، "لە ساڵی 1907 شێخ عەبدوسەلام بارزانی، نامەیەك بۆ سوڵتان عەبدولحەمید دەنووسێت، لە یەكێك لە خاڵەكانیدا داوا دەكات خوێندن بە زمانی كوردی بێت، هەروەها ئەو باجانەی وەردەگیرێت، قوتابخانەی لە گوندەكان پێ دروست بكرێت".
د. ئالان ئەوەشی گوت، لە سەردەمی پاشایەتیش لە ویلایەتی كەركووك بۆ هەر 35 هەزار قوتابییەك قوتابخانەیەك دروست بكرێت، بۆیە لەو سەردەمەشدا شۆڕشی ئەیلوول لە خاڵی یەكەم و دووەم و سێیەمی رێككەوتنەكە، دووپات لە دروستكردنی قوتابخانە و دامەزراندنی مامۆستا بۆیان دەكاتەوە و بەلایەوە گرنگە ئەو پرسە بە ڕژدی ئیشی لەسەر بكرێت.
ئالان حەمەسەعید باس لەوەش دەكات، "لە دوای ساڵی 1991ەوە، سەرەتا وەزارەتی پەروەردە دروست بوو كە یەكەم وەزارەتی خۆماڵیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو. هەروەها قۆناغی دوای 2003، قۆناغی دروستكردنی قوتابخانە و دامەزراندنی مامۆستا و دەستپێكردن بە پرۆگرامەكانی خوێندن و ئەو گۆڕانانە بوو".
وەزیری پەروەردە ڕاشی گەیاند، "خۆشبەختترین كاتەكانی ئێمە ئەو سەردەمەیە كە هۆشیاریی خێزانیی و كۆمەڵگەیی بۆ بابەتی پەروەردە زیادی كردووە، هەروەها دایكان و باوكان بایەخی زیاتر بە خوێندنی منداڵەكانیان دەدەن. ئەوەش بڕیاربەدەستانی پەروەردە دەخاتە ژێر فشارێكی زۆرتر، تا كاری زیاتر و ڕژدتر بكەن بۆ ئەوەی بتوانن كەرتی پەروەردە باشتر بكەن".