هێشتا دەزگا تەناهییەكانی سنووری گەرمیان، ئەو تیرۆریستەیان نەگرتووە كە هەوڵی تیرۆركردنی ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی پارتی دیموكراتی كوردستانی دا، لە كاتێكدا لە كامێراكانی چاودێریی دەوروبەری رووداوەكەدا بە ڕوونی كەسەكە بەدەر دەكەوێت.
بەرەبەیانی رۆژی 15ی تەمووزی 2024 لە بەردەم ماڵەكەی خۆیدا و لەوكاتەی دەیەوێت بچێت بۆ دەوامی فەرمی، ئۆتۆمبێلی ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی گەرمیان تەقێنرایەوە.
رووداوەكە هەوڵێكی تیرۆریستی بوو، كاردانەوەی زۆری لێ كەوتەوە و هەریەكە لە سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێوەندییان بە بەرپرسەكەی پارتییەوە كرد و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان پەیامێكی توندی بڵاو كردەوە.
بە ماوەیەكی كەم دوای رووداوەكە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە ئەو كەسەی هەوڵی تیرۆركردنی ئەكرەم ساڵحی داوە، سەر بە گرووپی پەكەكەیە و تەواوی زانیارییان لایە، لەگەڵ هەموو ئەو پێشهاتانەشدا، هێشتا دەزگا تەناهییەكانی سنوورەكە هیچ كەسێكیان بەو تۆمەتە نەگرتووە لە كاتێكدا لە كامێراكانی چاودێری كەسەكە بەڕوونی دەناسرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئاب، ئەكرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی، بە "وشە"ی گوت، لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێكمان ناردە لای ئاسایش بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو كردەی ئەنجام درا، بەتایبەت كە لە كامێراكانی چاودێری ئەو كەسە دەركەوتووە كە كردەكە دەكات.
ڕوونیشی كردەوە، تا ئێستە دەزگا تەناهییەكانی سنوورەكە ئەو كەسەیان نەگرتووە كە كردەكەی ئەنجام داوە.
بەرپرسی لقی 22ی گەرمیان ئەوەیشی گوت، کە داوای لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە رژد بن لەسەر دۆزینەوەی بكەری ئەو كارە.