ئەمڕۆ دووەم كۆڕبەندی پەروەردەیی كوردستان بە ناونیشانی "پەروەردەی باش، دەرفەتی باشتر"، بە چاودێریی وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد و لە كۆڕبەندەكەدا ئاماژە بەوە كرا كە وێڕای قەیرانەكان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمدا توانراوە 140 قوتابخانەی نوێ دروست بكرێت و هەزار و 700 قوتابخانەش نۆژەن كراوەتەوە.
لە کۆڕبەندەکەدا گفتوگۆی پەروەردە و ئینتمای نیشتمانی، خوێندنی پیشەیی، پشتیوانیی قوتابیان و ڕاهێنانی مامۆستایان کرا و چەندین ڕوانگە و توێژینەوە خرانە ڕوو.
لە بەشێكی تری كۆڕبەندەكەدا ئاماژە بەوە كرا كە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرباری قەیرانی دارایی، 140 قوتابخانەی نوێ دروست کراون و هەزار و 700 قوتابخانەش نۆژەن و نوێ كراونەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوێك لە فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە ئامانجێكی تری كۆڕبەندەكە گرنگیدانی زیاتر بوو بە خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
لە گوتارێكیشدا كە لەلایەن وەزیری پەروەردەوە "ئالان حەمە سەعید" پێشكەش كرا، وەزیری پەروەردە بە باس كردنی چەند راستییەكی مێژوویی روونی كردەوە كە لە شێخ عەبدوسەلامەوە تا شۆڕشی ئەیلوول خوێندن و پەروەردە بۆیان ئەولەوییەت بووە.