دوا زانیاری لەبارەی دابەشكردنی نەوت بۆ زستانی ئەمساڵ

:: PM:03:45:01/10/2016 ‌

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی سووتەمەنی هەولێر ئاشكرای كرد، لە پێنجشەمەوە دەستیان بە دابەشكردنی سووتەمەنی كردووە، بەڵام ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەو بڕە نەوتەی لە بەغداوە دێت، بڕەكەی زۆر كەمە و ئەوانیش لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی نەوتی تەواو دابین بكەن و بەسەر خەڵكی دابەش بكەن.

مستەفا تەها بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی سووتەمەنی هەولێر  بە"وشە"ی ڕاگەیاند، لە پێنجشەمەوە دەستمان بە دابەشكردنی نەوتی سپی كردووە، بەڵام ئەو بڕەی كە بۆمان هاتووە زۆر كەمە.

هەروەها گوتی، ئێستە دابەشكردنی نەوتی سپی لەلایەن خودی پارێزگاكانەوە سەرپەرشتی دەكرێ و لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نەماوە، بۆیە لە پارێزگای هەولێریش بەردەوامین لە هەوڵدان بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بە زووترین كات و دابەشكردنی بەسەر خەڵكدا.

ئاماژەی دا، لە رۆژانی ڕابردوو ئەو نەوتە سپییەی لە بەغداوە بۆمان نێردراوە، 30 ملیۆن لیتری بۆ سلێمانی كە دەكاتە 139 هەزار بەرمیل و 20 ملیۆن لیتر كە دەكاتە 92 هەزار و 500 بەرمیلی بۆ دهۆك و پێنج ملیۆن لیتریشی بۆ هەولێر نێردراوە كە دەكاتە 23 هەزار و 148 بەرمیل نەوت.

لەبارەی هۆكاری كەم ناردنی نەوت بۆ هەولێر بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاكانی تری كوردستان و پێوەندی هەبوونی بە سیاسەتەوە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی سووتەمەنی هەولێر گوتی، لەهەر كەسێك بپرسی لای ڕوونە ئەوە بە دڵنیایییەوە پێوەندی بە سیاسەت هەیە و سیاسەت تێكەڵی هەموو بوارێك بووە.

وشە/باز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د