چالاكییەكانی دوو هەفتەی رابردوولاهوور شێخ جەنگی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، وایكردووە یەكێتی نیگەران بكات و بەرپرسانی ئەو حزبە بەخێرایی خۆیان بگەیەننە ئەو شوێنانەی ئەو سەردانی كردوون.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو لاهوور شێخ جەنگی، سەردانی ئیدارەی راپەرین و كۆیە و چەند شوێنێكی تری كردووە، ئەمەش وایكردووە یەكێتی زۆر نیگەران بێت لەو پێشوازییە جەماوەرییەی لەو شوێنانە لێی دەكرێت.
ئەمڕۆ شەموو 14ـی ئەیلوول، بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" یەكێتی نیگەرانییەكی زۆریان لە جووڵەكانی لاهوور هەیە، ئەوەیش وایكردووە سەردانی هەر شوێنێك بكات، راستەوخۆ دواتر كوڕانی تاڵەبانی سەردانی ئەو شوێنە بكەنەوە، ئەوەیش بۆ راستكردنەوەی پارسەنگ لەو شوێنانە.
لە دوو هەفتەی رابردوودا لاهوور شێخ جەنگی سەردانی دەڤەری راپەڕینی كرد، بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بوو بۆ یەكێتی كە لەلایەن جەماوەرێكی زۆر و تەنانەت بەرپرسانی سەربازیش لەو سنوورە پێشوازیی لێ كراوە.
ئەوە وایكرد كوڕانی تاڵەبانی بۆ یەك هەفتە لەو سنوورە بن تا ئەو باڵانسە راست بكەنەوە لاهوور دروستی كردووە.
هاوكات ئەمڕۆ رۆژنامەی عەرەب لە راپۆرتێكدا دەڵێت، لاهوور شێخ جەنگی دەیەوێت لەڕێی دەروازەی هەڵبژاردنەوە دەست بە چالاكییە سیاسییەكانی بكاتەوە و بگەڕێتەوە گۆڕەپانەكە، بۆ ئەوەش لە ماوەی رابردوودا كاری كردووە بۆ پێوەندیكردن بە هاووڵاتییان و بەشداریكردن لە بۆنە تایبەتەكانیان، دڵنیاكردنەوەیان لەوەی بارودۆخی سیاسی وەك ئێستە نامێنێتەوە.
رۆژنامەی عەرەب ئاماژەی بەوەش داوە، لاهوور شێخ جەنگی بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەڕێی گوتاری پڕ لە جۆش و خرۆشەوە، داوا لە هاووڵاتییان دەكات بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن.
بەپێی پێشبینی و ئەو داتایانەی هەن، لەو هەڵبژاردنەدا لاهوور لە سلێمانی باڵانسی سیاسی لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلا دەكاتەوە و یەكێتی دەكات حزبی دووەم یان سێیەم.