ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆتایی 2019 لە ووهانی چینەوە سەری هەڵدا و لە ماوەی چەند مانگێك دنیای گرتەوە و سەتان هەزار كەسی كوشت، تا ئێستەش ئەو ڤایرۆسە هەر ماوە، بەڵام دوای چەند بازدانێك ئاستی شەڕانگێزی و بكوژییەكەی كەم بووەتەوە، لە نوێترین زانیاری لەبارەی ئەو ڤایرۆسە، تیرەیەكی نوێی دەركەوتووە و نیشانەكانیشی ئاشكرا بووە.
وەك رۆژنامەی
"میرۆر"ی بەریتانی باسی دەكات، پزیشكان وریایی لە دەركەوتنی تیرەیەكی نوێی ڤایرۆسی كۆرینا دەدەن كە بە "
XEC"، ناسراوە لە هاوینی ئەمساڵ لە ئەڵمانیا دەركەوتووە و بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە، لە نیشانەكانی كۆكەی بەردەوام و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و گیران و هاتنی شلە لە لووت، بۆیە پێویستە ئەوانەی ئەو نیشانانەیان هەیە خۆیان لە كەسانی تر بەدوور بگرن.
پزیشكان ئەو رێوشوێنانە بە پێویست و خۆپارێزی دەزانن بۆ بڵاونەبوونەوەی زیاتری ئەو تیرە نوێیەی كۆرۆنا، كە بریتییە لە تێكەڵێكی دوو تیرەی تر و بە خێرایی بڵاوبوونەوە دەناسرێت و تا ئێستە لە 15 وڵات دستنیشان كراوە.
دەستەی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی تەندروستیی بەریتانی دەڵێت، دەركەوتنی ئەو نیشانانە مانای ئەوە نییە ئەو كەسە تووشی كۆرۆنا بووە و رەنگە نیشانەی نەخۆشی و حاڵەتی تر بن، بەڵام خۆدابڕین ئامرازێكە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی لە ئەگەری ئەوەی پەتاكە بەهۆی كۆرۆناوە بێت بۆ پاراستنی كەسانی تر بەتایبەتی ئەوانەی بەرگریی لەشیان لاوازە، هاوكات پێویستە خەڵك خۆیان بكوتن بۆ بەهێزكردنی بەرگریی لەشیان.