خامنەیی دوای پێنج ساڵ جارێکی تر خۆی وتاری هەینیی ئەمڕۆی تاران پێشکەش کرد و لە وتارەکەی ئەمڕۆیدا خامنەیی زیاتر پڕژایە سەر جەنگی غەزە و پرسی فەلەستین و پێگەی حزبوڵا و هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد ئەگەر پێویست بکات جارێکی تر هێرش دەکاتەوە سەری.
عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای قسەکانیدا کە راستەوخۆ لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکە پەخش دەکرا گوتی رووی قسەکانی ئەوڕۆکەی زیاتر بۆ برایانی لبنان و فەلەستینە و بنەما بەرگرییەکانی ئیسلام ئەرکی سەر شانی ئەوی روون و ئاشکرا کردووە و هیچ کەسێک بۆی نییە رەخنە لە حزبوڵای لبنان بگرێت و پێی بڵێت بۆچی بەرگریتان لە خەڵکی غەزە کردووە.
ئەو بەرگری لە هێرشەکەی ساڵی رابردووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلیش کرد کە سێ رۆژی ماوە ساڵێک بەسەریدا تێپەرێت و بەهۆیەوە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون و 252 کەسی تر بە بارمتە گیران.
هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی حەماسیشی بە یاسایی و هەنگاوێکی نێودەوڵەتییانە ناوبرد.
رێبەری کۆماری ئیسلامی پێداگری کرد کە ماف بە فەلەستینییەکان دەدات هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل و هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی حەماسیشی بە یاسایی و هەنگاوێکی نێودەوڵەتییانە ناوبرد.
خامنەیی بەرگری لەو هێرشەیش کرد کە لە یەکی ئەم مانگەدا ئێران کردیە سەر ئیسرائیل و بە 180 مووشەک ئەو وڵاتەی کردە ئامانج و گوتی ئەگەر پێویست بکات ئەوا لە داهاتوودا ئەو جۆرە هێرشانە بە شێوەیەکی توندتر دووبارە دەکەنەوە.
نوێژی هەینیی ئەمڕۆی تاران بە دروشمی ''راپەڕن کە جگە لە جەنگ چارەیەکی ترمان نییە'' لە کاتێکدا دەخوێنرێت کە سەرۆکی هەر سێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن، پەرلەمان و دادی ئێران لە ریزی پێشەوەی نوێژخوێنان دانیشتوون و نوێنەری حزبوڵا لە تارانیش لە تەنیشتیان دەبینرێت.
خامنەیی دوای پێنج ساڵ لە کاتێکدا خۆی پێشنوێژخوێنیی هەینیی تاران بەرێوە دەبات کە ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکانی یەکی مانگی کردووە و هێشتا دیار نییە بە چ شێوەیەک وەڵامی ئێران دەداتەوە.