وەڵامی ئیسرائیل بۆ ئێران زۆر نزیكە، هاوكات میلیشیاكانی عێراق خۆیان لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و حزبوڵا تێوە گلاندووە و رۆژانە بۆردمانی ئیسرائیل دەكەن، بۆیە ئەگەری زۆرە عێراق رابكێشنە ناو شەڕێك كە جیا لە زیادكردنی نەهامەتییەكانی عێراق هیچ سوودێكی نییە، ئەوە وای كردووە ئەمەریكا حكوومەتی عێراق ئاگەدار بكاتەوە و ئەویش گوشار بخاتە سەر میلیشیاكان.
چەند
سەرچاوەیەكی حكوومەتی عێراق ئاشكرایان كرد كە حكوومەتی عێراق پەیامی وریاكردنەوەی توندی لە ئەمەریكا سەبارەت بە هێرشی میلیشیاكان لە دژی ئەمەریكا و ئیسرائیل پێ گەیشتووە، ئەوان گوتیان، لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوو بەرپرسانی حكوومەتی عێراق پەیامی توندیان لە لایەن ئەمەریكاوە پێ گەیشتووە.
روونیان كردەوە، ئەمەریكا بەرپرسانی عێراقی لەوە وریا كردووەتەوە كە لە حاڵەتی بەردەوامبوونی میلیشیاكان لە كردنەئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە و لە ئەگەری پەرەسەندنی هێرشەكانیان لە دژی ئیسرائیل، ئەو میلیشیایانە و سەركردەكانیان دەكەنە ئامانج.
سەرچاوەكان دووپاتیان كردەوە، حكوومەتی عێراق ئەو وریاكردنەوانەی بە رژدی وەرگرتووە و ئێستە گوشار لە میلیشیاكان دەكات بۆ رێگرتن لێیان لە كردنەئامانجی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا، جیا لە سووككردنی هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل، ئەوەشی بەر لە رۆژێك لە جۆلان رووی دا، بێ وەڵامدانەوەیەكی نزیك تێپەڕ نابێت، بۆیە بەپرسانی عێراق ئەو پەیامە توندەی ئەمەریكایان بە میلیشیاكان گەیاندووە بۆ خۆپاراستن لە كردنەئامانجیان لە چەند رۆژی داهاتوودا.
ئەمڕۆ بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاند، ئێران لە پشت هەموو هێرشەكانی لە عێراق و غەزە و یەمەن و لبنان و سووریا دەكرێنە سەر ئیسرائیل وەستاوە، بۆیە بەڵێن دەدەین سنوورێكیان بۆ دابنێین، ئێمە دووچاری گەورەترین هێرش لە مێژوودا هاتینەوە بۆیە وەڵام دەدەینەوە.