لە گەڕەكێكی ئیستەنبووڵ شەڕێكی گەورە لە نێوان دوو خێزان رووی دا و بەهۆیەوە 20 كەس بریندار بوون، هۆكاری شەڕەكە بەربوونەوەی دانە گوێزێكی لایەنێكی شەڕەكە بووە بۆ سەر ئۆتۆمبێلی لایەنەكەی تر.
بەپێی تۆمارێكی ڤیدیۆیی شەڕەكە، دەردەكەوێت پیاو و ژن و گەنجەكانی ئەو دوو خێزانە بە دەست و بەرد و دار لە گەڕەكی ئارنائوت كوی لە ئیستەنبووڵ كەوتوونەتە گیانی یەكتر لەناو هاتوهاواری ژنان، میدیاكانی توركیا ئاماژەیان كرد كە سەرەتای شەڕەكە لە نێوان خاوەنی دارگوێزەكە و خاوەنی ئەتۆمبێلەكە دەستی پێ كردووە.
دوای ئەوە شەڕەكە گەورە بووە و تەواوی ئەندامانی دوو خێزانەكە تیایدا بەشدار بوونە و بەهۆیەوە ژن و منداڵ بریندار بوونە، دوای شەڕێكی باش، پۆلیس گەیشتوونەتە ناوچەكە و توانییان شەڕەكە بوەستێنن و بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە گوازرانەوە، لایەنێكی بەشداری شەڕەكە بە شۆڤڵێكی بچووك بەشداری لەو شەڕەدا كرد.
تۆماری ڤیدیۆیەكە بەكارهێنەرانی سۆسیال میدیای توركیای توڕە كرد و یەكێكیان نووسیویەتی، شۆڤڵ بەس نییە و بە مووشەك لە یەكتر بدەن، یەكێكی تر نووسیویەتی، ئەگەر هەلیكۆپتەرێكی ئەپاچیم هەبوایە لێرەوە مووشەكێكم بۆ دەتەقاندن.