"وشە" ناسنامە و وردەكاری تەقەكەرەكانی دوێنێ شەوی یانەكەی سەرچنار بڵاو دەكاتەوە

:: PM:11:39:11/10/2024 ‌
شەڕەتەقەیەك لە درەنگانی دوێنی شەو كە دەكاتە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی،  لە یەكێك لە یانە شەوانەكانی سلێمانی رووی داوە و بەهۆیەوە دوو كەس بریندار بوون و سەرچاوەیەكی ئاگەداریش لە شەڕ و كێشەی ناو یانەكە وردەكاریی رووداوەكە بۆ "وشە" ئاشكرا دەكات. 

ئەمشەو هەینی 11ی ئۆكتۆبەری 2024،  سەرچاوەیەك لە یانەی "گاردن ڤیو" لە سەرچنار بە "وشە"ی گوت، ئەوانەی كێشە و دەمەقاڵێی و شەڕییان هەبووە دوو چەمچەماڵی بوون لە یانە شەوانەكەی سەرچنار لەگەڵ بەڕێوەبەری پاسەوانەكانی ئەم یانە شەوانەی سلێمانی. 

سەرچاوەكە ئەوەشی گوت، كە دوو چەمچەماڵییەكە دوای ئەوەی لەگەڵ بەرپرسی پاسەوان "سكیوریتی"ی یانە شەوانەكە بووەتە كێشەیان تەقە لە خۆیی و میوانێكی دەكەن و برینداری دەكەن و بەپێی زانیارییەكانیش تا ئێستە تەقەكەرەكان نەگیراون. 

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" بۆ یانە شەوانەكە، یانەی شەوانەی گاردن ڤیو یانەیەكی شەوانەیە و دەكەوێتە سەرچنار، وەك خۆیان بڵاوییان كردووەتەوە لە پەڕەی فەیسبووكی خۆیان، لایڤ میوزیكی تێدا پێشكەش دەكرێت و ئامادەبووانی یانە شەوانەكەیش گشت چین و توێژێك بە ژن و پیاوەوە لەخۆی دەگرێت.

تێبپینی: ناوی تەقەكەر و بەرپرسی پاسەوانەكان لای "وشە" پارێزراوە... 


وشە - پێشەنگ قوشتەپەیی