به‌های تمه‌ن به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی

:: AM:10:51:22/10/2024 ‌
نرخی تمه‌ن یان دراوی فه‌رمیی ئێران، له‌ دابه‌زیندایه‌ و گه‌یشته‌ نزمترین نرخ كه‌ له‌وه‌ته‌ی پێنج مانگی رابردوو تۆمار كرابێت.

ئێسته‌ نرخی هه‌ر دۆلارێكی ئه‌مه‌ریكا به‌ 65 هه‌زار و 350 تمه‌ن ده‌فرۆشرێت، له‌ كاتێكدا به‌تایبه‌تی له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران و سه‌ركه‌وتنی مه‌سعوود پزیشكیان له‌ مانگی ته‌مووزدا، نرخه‌كه‌ی بۆ خوارووی 58 هه‌زار تمه‌ن گۆڕابوو.

له‌م ماوه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك رووداوی گرنگی سیاسی و سه‌ربازی هاتوونه‌ته‌ كایه‌وه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و رووداوانه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنییان له‌سه‌ر به‌های تمه‌ن هه‌بووه‌.

له‌ به‌ره‌به‌یانی 31ی مانگی ته‌مووزی ئه‌مساڵ، ئیسماعیل هه‌نییه‌ به‌رپرسی مه‌كته‌بی سیاسیی حه‌ماس له‌ باكوری تاران تیرۆر كرا، دواتر ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی كرد كه‌ راسته‌وخۆ له‌ ئیسرائیل ده‌دات و تۆڵه‌ ده‌ستنێنێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ یه‌كی مانگی ئۆكتۆبه‌ر 200 مووشه‌كی ئاراسته‌ی ئیسرائیل كرد و له‌و كاته‌وه‌ بازاڕه‌كانی ئێران زیاتر كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌گه‌ری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئیسرائیله‌وه‌.

هۆكارگه‌لێكن كه‌ به‌های تمه‌نیان زیاتر دابه‌زاندووه‌.
به‌رده‌وامیی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ك و ده‌ستپێكردنی جه‌نگێك له‌ نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل و فراوانبوونی جه‌نگه‌كه‌ بۆ شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، هۆكارگه‌لێكن كه‌ به‌های تمه‌نیان زیاتر دابه‌زاندووه‌.

تمه‌ن له‌ كاتێكدا رووی له‌ دابه‌زینه‌ كه‌ له‌ هه‌موو ساتێكدا ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ هه‌یه‌، ئیسرائیل هێرش بكاته‌ سه‌ر ئێران و له‌ ئه‌گه‌ری هێرشه‌كه‌ش، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تمه‌ن زۆر زیاتر له‌ جاران به‌های خۆی له‌ ده‌ست بدات و ئه‌گه‌ر جه‌نگه‌كه‌ سنووردار نه‌بێت و دیسان وه‌ڵامی لایه‌نی به‌رانبه‌ری لێ بكه‌وێته‌وه‌، ئه‌وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت جه‌نگه‌كه‌ش زۆر گه‌وره‌ ببێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ئابووریی ئێران و دراوه‌كه‌ی به‌ ته‌واوی تووشی داڕمان ببێت.

بازرگانان و خه‌ڵكی ئێران له‌م رووه‌وه‌ زۆر به‌ پارێزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ تمه‌ن ده‌كه‌ن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن سه‌رمایه‌كانیان له‌ بۆرسه‌ و بازاڕه‌كان بكشێننه‌وه‌ و بۆ دۆلار یان زێر و شتی تر بیگۆڕن.


وشە - سلێمان تاشان