نزیكەی 250 پارچەی شوێنەواریی لە كەركووك دۆزرانەوە، دەستەی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووریش رای گەیاند، مێژووەكەیان بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.
دەستەی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری عێراق رای گەیاند، لە كەركووك ناوچەیەكی گرنگی شوێنەواریی دۆزراوەتەوە.
دەستەكە ئەوەشی گوتووە، لە ناوچەی عەرەب كۆمبت لە پارێزگای كەركووك، ناوچەیەكی شوێنەواریی دۆزراوەتەوە، مێژووەكەی بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە و شوێنێكی گرنگە لە ڕووی شوێنەوارناسییەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی دەستەی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری عێراق، ئەو پارچە و كەرەستە شوێنەوارییانەی دۆزراونەتەوە، پاشماوەی كەرەستەی بیناسازی و كوورەی پیشەسازیی گڵینن، لەگەڵ نزیكەی 100 پارچەی شوێنەواریی هەمەجۆر.
دەستەكە دەڵێت، لەو ناوچەیەدا چەند خانووبەرەیەكی دروستكراو لە خشت و ژمارەیەك گۆڕ دۆزراونەتەوە و تا ئێستە 150 پارچەی شوێنەوارییان تێدا دۆزراونەتەوە.