دوو زەوینلەرزە لە باكوری هەولێر روودەدەن

:: PM:09:24:30/10/2024 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم دەستەی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە زەوینلەرزەیەك لە باكوری شاری هەولێر رووی داوە، ئەوەش دووەمینە لە ماوەی چەند سەعاتێك لەو ناوچەیە.

دەستەكە روونی كردەوە، زەوینلەرزەكە لە سەعات 8:14 خولەكی ئەمشەو بە گوڕی 2.9 پلە بە پێوەری رێختەر لە ناوچەی بارزان لە باكوری شاری هەولێر رووی داوە و خەڵكی ناوچەكە بە شێوەی جیاجیا هەستیان پێی كردووە.

ئەمە و هەر ئەمڕۆ دەستەی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی رای گەیاند كە لە سەعات 4:11 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ زەوینلەرزەیەك بە گوڕی 3.1 پلە بە پێوەری رێختەر لە دووری 25 كیلۆمەتر لە شارۆكەی شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر رووی داوە، بەڵام بەتەواوەتی هەستی پێ نەكراوە. 

شایەنی باسە جیاوازی لە نێوان زەوینلەرزە و بوومەلەرزە ئەوەیە، هەردووكیان لەرزینی زەوین، بەڵام یەكەمیان بریتییە لە جووڵەی بلێتە تەكتۆنییەكانی زەوی بە شێوەیەكی لاواز و بە گوڕێكی كەمتر لە 4.9 پلە بە پێوەری رێختەر، رەنگە هەستی پێ بكرێت، بەڵام هیچ زیانێكی نییە، هەرچی بوومەلەرزەیە، لە جووڵانەوەیەكی بەهێزتری بلێتە تەكتۆنییەكانی زەوی بەهۆی كاریگەرییە جیۆلۆجییەكان دروست دەبێت، جووڵانەوەكەی بەهێزترە و گوڕەكەی دەگاتە پێنج پلە و بەرو سەرەوە بە پێوەری رێختەر، بەپێی توندییەكەی زیانی دەبێت.      





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل