ئەوانەی قۆڵۆن و كێشەی گورچیلەیان هەیە وریای چەرەزات بن

:: PM:09:56:30/10/2024 ‌

كۆمەڵگەكان بە گشتی لەوانەش لە كوردستان لە بۆنە و رۆژانی ئاساییش پەنا بۆ خواردنی چەرەزات دەبەن، بەتایبەتی كە شارەزایانی تەندروستی باسی باشییەكانی بۆ تەندروستی دەكەن، بەوەش بووەتە بژارەیەكی باش بۆ خەڵك بەتایبەتی ئەوانەی خۆیان لاواز دەكەنەوە، ئەوە سەرەڕای تام و چێژە خۆشەكەی، بەڵام وەك هەر شتێكی تر بێ زیان نییە، بەتایبەتی لە كاتنی زیادەڕۆییكردندا.

چەرەزات سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی مادە خۆراكییە پێویست و ریشاڵ و كانزا و ڤیتامینەكانە، برسیەتی ناهیڵێت و بۆ خۆلاوازكردنەوە باشە، بەڵام هەر بەهۆی دەوڵەمەندیی بە هەندێك مادە خۆراكی و ریشاڵەكان، شارەزایانی تەندروستی پێیان وایە بۆ ئەوانەی هەوكردنی قۆڵۆن و كێشەی گورچیلەیان هەیە باش نییە، بەتایبەتی كە فۆسفۆر و ئەكسالات و ریشاڵی زۆری تیادایە.

دیبالی شارما، پسپۆڕی خۆراكی كلینیكی لە نەخۆشخانەیەكی شاری دلهی لە هیندستان دەڵێت، زۆرینەی چەرەزاتەكان بە ڤیتامین و كانزا و دژەئۆكسێنەر دەوڵەمەندن، بۆیە بۆ تەندروستیی دڵ و كۆئەندامی هەرس باشن، بەڵام پێویستە بە بڕێكی سنووردار و ناوەند بخورێت، چونكە شەكر و خوێ و كالۆریی زۆریان تیادایە.

د. ئادۆ كیرانمایی، پسپۆڕسی خۆراك لە نەخۆشخانەیەكی منداڵان لە حەیدەر ئاباد دەڵێت، پێویستە لە چەرەزانی سوێر و شیرینكراو دوور بكەوینەوە، چونكە دەبنە خۆراكێكی ناتەندروست.

شارەزایان پێیان وایە باشترە چەرەزاتی وەك بادام و گوێز و كاجۆ، بە درێژیی شەو بخرێنە ناو ئاوەوە كە یارمەتیی كەمكردنەوەی كالۆریان دەدات و هەرسكردنیان ئاسانتر دەبێت، بەڵام ئەوانەی قۆڵۆنی دەمارگیرییان هەیە، رەنگە هەرسكردنی چەرەزات بۆ ئەوان بەهۆی دەوڵەمەندیی بە ریشاڵەكان زەحمەت بێت، بۆیە باشترە لە خواردنی وریا بن.

شارەزایان پێیان باشە چەرەزات لە بەیانیان یان دانی بەیانیان بخورێت، چونكە وزەت پێ دەبەخشێت و تێرت دەكات، باشیش نییە پێش نوستن بخورێت، باشترین بڕیش رۆژانە 30 بۆ 50 گرامی بە دوو ژەم لێ بخورێت، بۆیە بۆ ئەوەی سوودەكانی چەرەزاتت پێ بگات بە مامناوەندی و هاوسەنگی بیخۆ، واتە زیادەڕۆیی نەكرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل