سەرۆكی شارەوانییەك گیرا

:: AM:09:07:31/10/2024 ‌
بەتۆمەتی قسەكردن لەگەڵ رەمزی كارتاڵ هاوسەرۆكی كۆنگرەی گەل، ئەحمەد ئۆزەر سەرۆكی شارەوانیی ناوچەی ئەسەنیورتی ئیستانبوڵ گیرا.

پڕۆفیسۆر د. ئەحمەد ئۆزەر سەرۆكی شارەوانیی ناوچەی ئەسەنیورتی ئیستانبوڵ كە كوردە و سەربە جەهەپەیە، دوێنێ چوارشەم 30ـی ئۆكتۆبەر، لە ئۆپراسیۆنێكی هێزە تەناهییەكانی توركیا دەستبەسەر كرا و ئێوارەی هەمان رۆژ بە بڕیاری دادگا خرایە گرتووخانەوە. 

 لەمبارەیەوە ئۆزگور ئۆزەل سەرۆكی جەهەپە رای گەیاند، ئەحمەد ئۆزەر سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیورت گیراوە، بەو هۆیەوە ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەردەم شارەوانیی ئەسەنیورت گردبوونەوە دەكەن، ئۆزەل داوای لە هاووڵاتییان كرد بەشداری لە گربوونەوەكەدا بكەن.
 
هاوكات پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان-دەم پارتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رای گەیاند، بەهۆی دەستبەسەركردنی ئەحمەد ئۆزەر سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیورت و دەنگۆی دانانی قەیووم، تولای هاتیمۆغوڵاری و تونجەر باكرهان هاوسەرۆكانی دەم پارتی، لەگەڵ پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی پارتەكە رۆژی پێنجشەم لە ئیستانبوڵ دەبن.
 
داواكاری گشتیی ئیستانبوڵ رای گەیاند، ئەحمەد ئۆزەر لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوە لە ئەندامان و چالاكییەكانی پەكەكە دەستبەسەر كراوە. لە كاتی دەستبەسەركردنیدا ماڵی ئەحمەد ئۆزەر لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە پشكنراوە و دەركەوتووە، سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیورت كە خەڵكی پارێزگای وانی باكوری كوردستانە، لەگەڵ رەمزی كارتاڵ هاوسەرۆكی كۆنگرەی گەل قسەی كردووە.



وشە - سۆران عەزیز