كەشناسێك: تاوەبارانەكە بەهێزتر دەبێت و بەرەو كوردستان بەڕێوەیە

:: PM:08:48:02/11/2024 ‌

وەك زۆرینەی دەزگا كەشناسی و كەشناسەكان پێشبینیان كرد، ئەم هەفتەیە بارانی بەخوڕ لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەبارێت و ئەگەری زۆرە بەهۆی بەهێزیی بارانەكە لە ماوەیەكی كەمدا لافاو لە چەند ناوچەیەك دروست ببێت، جیا لە برووسكە، كەشناسێك دووپاتی دەكاتەوە كە چەندین ساڵە سەرەتای وەرزی دابارین شەپۆلی لەوجۆرە بەهێزە عێراقی نەگرتووەتەوە و بۆ هەرێم بەهێزتریشە.

شاڵاو هیدایەت، كەشناس لە پۆستێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، ئەو تاوەبارانەی دروست بووە و بەهێزتر دەبێت، بەرەو كوردستان بە گشتی بەڕێوەیە، ئێستە لە باشوور و خۆرئاوای عێراقە و ئەمشەو تەواوی كوردستان دەگرێتەوە، شەپۆلێكە لە وەرزی دابارینی 2018 و 2019 لەو جۆرە و بەو بەهێزییە لەم كاتەی ساڵدا كوردستانی نەگرتووەتەوە.

زیاتر دەڵێت، ئەمشەو زیاتر لە درەنگانەوە و سبەی یەكشەم و شەوەكەشی قووڵتر دەبێتەوە، شەپۆلێكی تەواو فراوان و بەهێزە و تەرزە و هەورەبروسكەی لەگەڵدا دەبێت، مەترسیی دروستبوونی لافاو لە نزمایی و چەم و رووبارەكان هەیە، دووشەمیش شەپۆلەكە بە شێوەی سەرانسەری و تاوەبارانی بەخوڕ و هەورەبروسكە بەردەوامە، لە رۆژی سێشەمیش ئەگەری رێژنەبارانی لابەلا هەیە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل