پەرلەمانتارێكی ئێران: بڕیاری كۆتایی دراوە و هێرش دەكەینە سەر ئیسرائیل

:: PM:11:27:02/11/2024 ‌

ئیسماعیل كەوسەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی ئێران رای گەیاند كە لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بڕیاری كۆتایی دراوە بە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، وەڵامدانەوەكەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان دەبێت.

كەوسەری كە جەنەراڵە و فەرماندەی هێزەكانی موحەمەد رەسولوڵایە و دۆسیەی ئاساشی تارانی بەدەستەوەیە، گوتی، تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی رێككەوتوون لەسەر وەڵامدانەوەی سەربازییانەی ئیسرائیل، تا ئێستە كات و شێوازی وەڵامدانەوەكە دیاری نەكراوە، بەڵام هێرشەكە بە پاڵپشتیی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە بەرگریكاران ئەنجام دەدرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی ئێران ئاشكرای كرد كە وەڵامدانەوەی ئەوجارەیان لە دووە هێرشەكەی پێشوی وڵاتەكەی بۆ سەر ئیسرائیل توندتر و بەهێزتر دەبێت و ئامانجاكان ئەوانە دیاری دەكەن كە پلانی هێرشەكە دادەڕێژن.

لای خۆیەوە عەلی محەمەد نائینی، گوتەبێژ بە ناوی سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند، وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیل یەكلاكەرەوە دەبێت، حوسێن مەعرووفی، جێگری هاوئاهەنگیكاری رێكخراوی باسیجی سەر بە سوپای پاسدارانیش دووپاتی كردەوە كە ئەو كارەی تەواو نەكراوە دەبێت تەواوی بكەین، وەك ئاماژەیەك بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل، واتە دووجاری پێشوو تەواو نەبووە و ئەوجارە تەواوی دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل