خۆكوشتنی بە كۆمەڵ.. سێ كەس لە بەغدا خۆیان كوشت

:: AM:08:49:03/11/2024 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای بەغدا ئەمڕۆ رای گەیاند، لە سێ رووداوی جیاوازدا لە پارێزگاكە، سێ كەس بە رێگەی جیاجیا خۆیان كوشتن، تا ئێستە هۆكاری خۆكوشتنەكان دیار نییە و لێكۆڵینەوەیان لێ دەكرێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم سێی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی سەرچاوە تەناهییەكە، لەوكاتەی بارانێكی بەخوڕ تەواوی عێراقی گرتووە و لەناویاندا بەغدا پایتەختی عێراق، لە سنووری ئەو پارێزگایە سێ كەس خۆیان كوشتووە، تا ئێستە هۆكاری خۆكوشتنەكان دیار نییە و لێكۆڵینەوەیان لێ دەكرێت.

سەرچاوەكە ئاماژەی داوە كە گەنجێك /25 ساڵ/ لەناو باخچەیەكی گشتی لە گەڕەكی حەی خەزرا لە بەغدا، بە چەك تەقەی لە خۆی كردووە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە. هۆكاری خۆكوشتنەكەی دیار نییە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكرێت.

لەلایەكی تریشەوە پیاوێك لەدایكبووی 1969 لە ناوچەی نەهرەوانی بەغدا، لەناو ماڵەكەی خۆی بە گوریس هەڵواسیوە و گیانی لە دەست داوە، هۆكاری ئەو رووداوەكەیش دیار نییە و لێكۆڵینەوەی لێ دەكرێت.

لە سێیەمین رووداوی خۆكوشتندا وەك سەرچاوەكە باسی دەكات، گەنجێك لەدایكبووی 2002 لە گەڕەكی بەیاعی بەغدا، لەناو ماڵەكەیان بە گوریس خۆی هەڵواسیوە و گیانی لە دەست داوە، هۆكاری ئەو خۆكوشتنەگەیش نادیارە و لێكۆڵینەوەی لێ دەكرێت.

دۆخی تەناهی و ئابووری لەلایەك و دواكەوتوویی بەشێكی زۆری كۆمەڵكە و هاوكات داونەریتە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەكی تر، هۆكارگەلێكن بۆ دیاردەی خۆكوشتن لە عێراقدا، بۆیە خۆكوشتن لەو وڵاتە بووەتە دیاردە و بەتایبەتی بەغدا زۆرترین ژمارەی ئەو رووداوانەی تێدا روو دەدەن. بەڵام بەراورد بە هەرێمی كوردستان، ئەو رووداوانە زۆر كەم بوونەتەوە و  لە ئاستی دەگمەندایە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د