د.فازڵ نه‌بی: ھیچ جیاوازی نییه‌ له‌ نێوان ته‌وتین و ھه‌ژماری من

:: PM:04:31:03/11/2024 ‌
د. فازڵ نه‌بی بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی حكوومه‌تی عێراق، له‌ دیمانه‌یه‌كی "وشه‌"دا باس له‌ پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من ده‌كات و ده‌ڵێت، به‌ بڕیاری دادگا هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان ھه‌ژماری من و ته‌وتین نییه‌ و حكوومه‌تی عێراق وه‌ك یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات، بۆیه‌ یه‌كێتی له‌ سكاڵا تۆماركردن له‌سه‌ر ھه‌ژماری من سه‌ركه‌وتوو نابێت.

ئایه‌ پڕۆژه‌ی ھه‌ژماری من هیچ گرفتێكی یاسایی و ته‌كنیكی ھه‌یه‌ و حكوومه‌تی عێراقیش ھیچ تێبینیی له‌سه‌ر ھه‌یه‌؟
پڕۆژه‌ی ھه‌ژماری من ھیچ گرفتێكی یاسایی و ته‌كنیكی نییه‌ و له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی ھه‌ڵبژاردن، بۆ بانگه‌شه‌ به‌كار ھێنرا، ئه‌گه‌رنا له‌ڕووی دارایی و رێكاره‌كان ھیچ گرفتێك نییه‌، چونكه‌ سه‌ره‌تا بڕیارێكی دادگا ھه‌بوو پێویسته‌ ته‌وتین بكرێت، دواتر دادگای فیدراڵی ڕوونكردنه‌وه‌ی دا ده‌كرێت ته‌وتین له‌ بانكه‌ ئه‌ھلییه‌كانیش بكرێت نه‌ك ته‌نیا حكوومی، بۆیه‌ ئێسته‌ ھیچ گرفتێك نییه‌ له‌ نێوان ته‌وتین و ھه‌ژماری من و ئه‌وه‌ی ھه‌یه‌ زیاتر كێشه‌ی‌ سیاسین .

ھۆكار چییه‌ ھه‌موو مانگێك كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی‌ دارایی بۆ ناردنی مووچه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت و باس له‌وه‌ ده‌كرێت ھۆكاره‌كه‌ش ھه‌ژماری منه‌؟
ھه‌ژماری من ھیچ پێوه‌ندیی به‌ دواكه‌وتنی مووچه‌ی مانگانه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ی ھه‌یه‌ ھه‌ندێك لێكتێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ نێوان ھه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی حكوومه‌تی عێراق و حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ تا ئێسته‌ رێككه‌وتنی كۆتایی نییه‌ له‌سه‌ر وردبینیكردن له‌سه‌ر لیستی مووچه‌ نه‌كراوه‌ و ئاساییه‌ ئه‌و تێبینییانه‌ ھه‌بێت و چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆیه‌ دواكه‌وتنی مووچه‌ پێوه‌ندیی  به‌ پڕۆژه‌ی ھه‌ژماری من و ته‌وتین نییه‌ .

ئایه‌ له‌ڕووی متمانه‌وه‌ جیاوازی له‌ نێوان ھه‌ژماری من و ته‌وتین ھه‌یه‌؟
ھیچ جیاوازی نییه‌ له‌ نێوان ته‌وتین و ھه‌ژماری من، چونكه‌ حكوومه‌تی عێراق مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات و بانكی ناوه‌ندیش به‌ھه‌مانشێوه‌، بۆیه‌ ھیچ جیاوازی نییه‌ له‌ نێوانیان له‌ڕووی متمانه‌وه‌، چونكه‌ دادگا بڕیاری داوه‌ ھیچ جیاوازی نییه‌ بانكی حكوومی بێت یا ئه‌ھلی بێت، بۆیه‌ بانكی ناوه‌ندی به‌رپرسه‌ له‌ بانكه‌كان حكوومی بێت یا ئه‌ھلی .

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سكاڵایان تۆمار كردووه‌ به‌وه‌ی پێویسته‌ خه‌ڵك خۆی ته‌وتین بكات و نابێ ھه‌ژماری من ھه‌بێت؟
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌و كاره‌ی خۆیان سه‌ركه‌وتوو نابن و پێویسته‌ حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان خه‌ڵكێكی شاره‌زا ره‌وانه‌ی به‌غدا بكات و ئه‌وانه‌ شكست دێنن، چونكه‌ حكوومه‌تی عێراق خۆی ددانی پێدا ناوه‌ و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، خۆشیان داوا له‌ حكوومه‌تی ھه‌رێم ده‌كه‌ن په‌له‌ بكرێت پڕۆژه‌ی ھه‌ژماری من ته‌واو بكرێت، كه‌ پێشتر داوایان ده‌كرد خه‌ڵك پێویسته‌ ته‌وتین بكه‌ن، ئێسته‌ دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی، ئه‌وانیش ددانیان به‌پڕۆژه‌ی ھه‌ژماری من داناوه‌.

راگرتنی پڕۆژه‌ی ھه‌ژماری من له‌ سلێمانی چ كاریگه‌ریی ده‌بێت؟
ھیچ كاریگه‌ری نابێت و بڕیارێكی سیاسییه‌، پێویسته‌ له‌ڕووی سیاسی چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ یاسایی و دارایی و ته‌كنیكی نییه‌ و پێویسته‌ له‌ڕووی سیاسی چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆیه‌ كۆكردنه‌وه‌ی واژووش ھیچ كاریگه‌ریی نابێت، به‌ھه‌ر جۆرێك بێت پێویسته‌ به‌غدا مووچه‌ له‌ رێگه‌ی حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان دابه‌ش بكات.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بانگه‌شه‌ ده‌كات، حكوومه‌تی ھه‌رێم ده‌توانێ ده‌ستكاری مووچه‌ی خه‌ڵك بكات له‌ رێگه‌ی ھه‌ژماری من؟
نه‌ حكوومه‌ت و نه‌ ھیچ كه‌سێك به‌پێی یاسا ناتوانێ ده‌ستكاری مووچه‌ و ھه‌ژماری ھیچ مووچه‌خۆرێك بكات ته‌نیا بڕیاری دادگا نه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت ته‌نیا بۆ راكێشانی سۆزی خه‌ڵكه‌ و بابه‌تێكی سیاسییه‌ و پێویسته‌ له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ ئه‌و بانكانه‌ی ھه‌ن له‌ ھه‌ژماری من تۆمار كراون و ھیچ گرفتێكیان نییه‌، بۆیه‌ له‌ نێوان ته‌وتین و ھه‌ژماری من جیاوازی نییه‌.

وشه‌/ بڵند ئیبراھیم



وشە - وشه‌