دەستدرێژیی كردە سەر 200 ژن و لەسێدارە درا

:: PM:09:34:12/11/2024 ‌

میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە كە پیاوێك لە پارێزگای هەمەدان لەسێدارە درا، ئەوەش دوای تۆمەتباركردنی بە دەسدرێژیی سێكسی بۆ سەر 200 ژن، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەم لەبەر چاوی خەڵك لە گۆڕەپانێكی شاری هەمەدان لەسێدارە دراوە.

ئەو پیاوە ناوی محەمەد عەلی سەلامەتە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەم لەباغی بەهەشت، لە شاری هەمەدان لەبەر چاوی خەڵك لەسێدارە دراوە، دوای تۆمەتباركردنی بە تۆمەتی دەستدرێژی و دەستدرێژی سێكسی بەزۆر بۆ سەر 200 ژن. 

ئاژانسی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانی لە باسی ئەو كەسە و لەسێدارەدانی، باسی ژمارەی ئەو ژنانەی نەكرد كە بووبوونە قوربانی دەستی، بەڵام رای گەیاند كە بە چەندان دۆسیەی دەستدرێژیكردنی بەزۆر تۆمەتبار كراوە، دوێنێش سەرۆكی دادگای هەمەدان رای گەیاند كە ئەو كەسەی دەستدرێژی كردووەتە سەر زیاتر لە 200 ژن و كچ، بەیانی بە سزای كارەكانی دەگات.

وەك ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی باسی كردووە، محەمەد عەلی سەلامەت، ناسراو بە عەلی سەلامەت، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو قوربانییەكانی بە پاساوی جیاجیا فریو داوە، لەوانە هاوسەرگیری و هاوڕێیەتی و چارەسەركردن، هەندێكجاریش بەزۆر دەستدرێژی كردووەتە سەریان و تاوانەكانیشی بە تەنیا ئەنجام داوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل