لە توركیا بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە رێگریی لە كۆنسێرتی هونەرمەندانی كورد دەكرێت

:: AM:11:46:14/11/2024 ‌
لە سەروبەندی هاتنە ئارای ئاشتی لەگەڵ كورد، دەسەڵاتدارانی توركیا بە هاوبەشی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، هەموو كۆنسێرتەكانی هونەرمەندانی كوردیان قەدەغە كردووە.

لە كاتێكدا كورد چاوی لە ئاشتییە و دەسەڵاتداران و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنیش ئێستە لە توركیا، بەگەرمی باسی برایەتی و ئاشتی كورد و تورك دەكەن، بەڵام ئەوەی سەیرە لەم ماوەیەدا زۆرترین رێگریی لە كۆنسێرتی هونەرمەندانی كورد كراوە.

كۆنسێرتەكانی خەجێ هەردەم لە سێ پارێزگای باكوری كوردستان هەڵوەشێنرانەوە، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر لە ئیستانبوڵ كۆنسێرتی دوو هونەرمەندی تری كورد هەڵوەشێنرابوونەوە.
 
بڕیار بوو هونەرمەندی كورد خەجێ هەردەم رۆژی 16ی تشرینی دووەم لە ئەرزەڕۆم، 20ی هەمان مانگ لە ئاگری و 21یش لە مووش سێ كۆنسێرت ساز بكات، بەڵام كۆمپانیای ریسوس ئۆرگانیزەیشن كە رێكخەری كۆنسێرتەكان بوو رای گەیاند، هەرسێ كۆنسێرتەكە هەڵوەشێنراونەتەوە.
 
لە راگەیەنراوەكەی ریسوس ئۆرگانیزەیشندا هاتووە: "بەگوێرەی پلانەكانمان، كۆنسێرتەكانی هونەرمەندی خۆشەویستمان بڕیار بوو لە پارێزگاكانی ئەرزەڕۆم، ئاگری و مووش پێشكەش بكرێت و ئامادەكارییەكان چەند مانگێك لەمەوبەر تەواو كراون. زۆر بە نیگەرانییەوە رای دەگەیەنین كە شارەوانییەكان و خاوەن هۆڵەكانی كۆنسێرت، بە بێ پێشاندانی هیچ هۆكارێكی یاسایی، كۆنسێرتەكانیان هەڵوەشاندەوە".
 
هاوكات لە رۆژانی پێشووشدا كۆنسێرتی خانمە گۆرانیبێژی كورد "رۆژدا" بەبێ هیچ هۆكارێك لەلایەن شارەوانیی كوچوك چەكمەجەی ئیستانبوڵەوە هەڵوەشێنرایەوە. ئەو شارەوانییە لەلایەن پارتی گەلی كۆماری جەهەپەی ئۆپۆزسیۆنەوە بەڕێوە دەبرێت.
 
هەروەها كۆنسێرتێكی گۆرانیبێژ دیلژەن رۆنی كە بڕیار بوو رۆژی شەشی مانگی 12 لە ناوچەی شیشلی بەڕێوە بچێت، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درا.

 ئەم بڕیارانە بوونەتە جێی پێكەنین و نوكتەی خەڵك لەناو توركیادا، دەپرسن بۆچی پێش باسكردنی ئاشتی و برایەتی ئەم هونەرمەندانە كەس رێی لێ نەدەگرتن كۆنسێرت بكەن، بەڵام ئێستە كە هەموو رۆژ سیاسییەكان باسی ئاشتی و برایەتی لەگەڵ كورد دەكەن، رێگرییان لێ دەكرێت؟.



وشە - سۆران عەزیز