به‌های تمه‌ن به‌رانبه‌ر دۆلار دیسان پاشه‌كشه‌ی كرد و بۆ كه‌مترین نرخی له مێژوودا دابه‌زی. ئێسته هه‌ر دۆلارێك به 71 هه‌زار و 400 تمه‌ن ده‌فرۆشرێت.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی گوشاره‌كان بۆ سه‌ر ئێران چ له ئاستی ناوچه‌یی و چ له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌رتی ئابووریی ئێران دیسان كاریگه‌ریی وه‌رگرتووه و بووه‌ته هۆی دابه‌زینی زیاتری به‌های تمه‌ن.
ئه‌و دابه‌زینه له كاتێكدایه كه له نیوه‌ی دووه‌می مانگی رابردووش دوای ده‌رچوونی بڕیارنامه‌ی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه له دژی ئێران، بازاڕه‌كانی ئه‌و وڵاته كاریگه‌رییان وه‌رگرتبوو و به‌های دۆلار له 68 هه‌زاره‌وه گه‌یشتبووه سه‌رووی 70 هه‌زار.
له‌وه‌ته‌ی تره‌مپ سه‌ركه‌وتووه، تمه‌ن چه‌ند جارێك ژماره‌ی پێوانه‌یی شكاندووه و له‌وه‌ته‌ی ئه‌و جۆره دراوه هه‌یه، هێنده بێ به‌ها نه‌بووه.
له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران و سه‌ركه‌وتنی مه‌سعوود پزیشكیان له مانگی ته‌مووزدا، نرخی دۆلار بۆ خوارووی 58 هه‌زار تمه‌ن گۆڕابوو.
كۆماری ئیسلامی بۆیه له قازانجی مه‌سعوود پزیشكیاندا كاری كرد كه به كه‌سێكی ریفۆرمخواز ناسرابوو، تا بتوانێت ده‌رگایه‌كی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رۆژئاوا به‌گشتی و ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌تی بكاته‌وه و باری ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییه له‌سه‌ری سووك بكات.
به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی حه‌زیان ده‌كرد دیموكراته‌كان سه‌ربكه‌ون، چونكه ئه‌وان بوون له دوای دۆڕاندی دۆناڵد تره‌مپ له هه‌ڵبژاردنی 2020 به‌رانبه‌ر ئێران نه‌رمییان نواند و له‌و گوشارانه‌یان كه‌م كرده‌وه تره‌مپ خستبوویه سه‌ر ئێران.
جگه له‌وه‌ی كه تره‌مپ به‌مزووانه دێته مه‌یدان، له هه‌مان كاتدا ئێران له سووریا و لبنان و غه‌زه شكستێكی زۆری به‌ركه‌وتووه و پلانه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چن ته‌نانه‌ت له سووریا و عێراقیش به یه‌كجاری دوور بخرێته‌وه.