لە دوێنێوە باس لە دزینی هەورەكان و بڵاوەپێكردنی لە رێگەی درۆن و فڕۆكەوە دەكرێت لەلایەن وڵاتانی ترەوە، ئەمەیش دوای ئەوە هات كە شارەزایەكی بوارەكە بەناوی "پشتیوان ئیبراهیم" بڵاوی كردەوە كە ئهو ههورانهی بینران به گازی "كیمیتریل" ناودهبرێن به زۆری له كاتهكان یان وهرزی باران دهڕژێنرێت بۆ تێكدانی شهپۆلهكانی باران بڵاوهی پێ دهكرێت بۆ تێكدانی كهشوههوا و لای خۆشییەوە ئەندامێكی كۆمەڵەی گەردوونناسی تێكساس رەتی دەكاتەوە كە هیچ پێوەندییەكی بەم بابەتەوە هەبێت.
ئەمڕۆ هەینی شەشی كانوونی یەكەمی 2024، لوقمان حەوێز ئەندامی كۆمەڵەی گەردوونناسی تێكساس لەبارەی هەورە بازنەییەكان و كلكە هەڵمییەكانی كە لە رۆژانی رابردوودا لە ئاسمانی سلێمانی و دەوروبەری بینران روونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە ئەوانەی باس لەوە دەكەن بۆ بڵاوەپێكردنی شەپۆلەكانی باران بووە، جگە لە قسەی گرووپەكانی تیۆری پیلانگێرییە و هیچ بنەمایەكی زانستیی نییە.
ئەم شارەزایە روونی كردووەتەوە، سووتەمەنی فڕۆکەکان وەکو سووتەمەنیەکانی تر لە ماددەی هایدرۆکاربۆنی "نەوتیی" پێکدێن، پێکهاتەی سەرەکی ئەو سوتەمەنیانە بریتین لە کاربۆن، ئۆکسجین و هایدرۆجین، کاتێک دەسوتێت تەنیا گەرمی و دوو بەرهەمی تری سەرەکی دروست دەکات، دوو بەرهەمەکەش هەڵمی ئاو و گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە، ئەو کلکە هەڵمیانەی لە دوای فڕۆکەکانەوە دەیانبینین هەڵمی ئاوە یەکسەر دەبێتە هەور ئەگەر دۆخی ئەتمۆسفیر گونجاو بوو و فڕۆکەکە لە بەرزایی نزیکەی هەشت هەزار مەتر یان هەندێک زیاتر بوو لە ئاستی دەریاوە.
لوقمان حەوێز زیاتر نووسیوویەتی، کاتێک ئەو هەڵمە لە توربۆی فڕۆکەکەوە دەردەچێت بەهۆی ئەوەی هەڵمەکە گەرمە،ئەگەر هەوای دەوروبەری ئەو بەرزاییە زۆر سارد و وشک بێت یەکسەر هەڵمەکە دەبێتە کریستاڵی بەفرینی و بەچاو نابینرێت، بەڵام ئەگەر هەوای ئەو بەرزاییە وشک نەبوو و زۆر ساردیش نەبوو هەروەها ڕێژەیەکی دیاریکراو لە شێ هەبوو تیایدا ئەوا هەڵمەکە یەکسەر دەبێتە هەور و بۆ دیدی ئێمە لەسەر زەوی وەکو کلکی هەڵمی بەدوای فڕۆکەکەوە دەردەکەوێت و لەوانەیە بۆ چەند سەعاتێك بمێنێتەوە و خۆی وەک هەور بنوێنێت.
لەبارەی زیانی ئەم كلكە هەڵمیانەیشەوە، روونی كردووەتەوە نەوەک هەر بێ زیانن بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو کلکانەی لە توربۆی فڕۆکەکانەوە دروست دەبن جگە لە بەخشینی جوانییەک بە ئاسمان بە تایبەتی لەکاتی خۆرئاوابوون و هەڵاتندا هیچ زیان و کاریگەریەکیان نیە لەسەر بەرگە هەوا، تەنیا گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن نەبێت کە زۆربوونی ڕێژەکەی لە هەوا بووەتە هۆی دروستبوونی دیاردەی قەتیسبوونی گەرمی لە بەرگە هەوای گۆی زەوی و دوا جار تا ڕادەیەک بۆتە سەرهەڵدانی دیاردەی گەرمبوونی گۆی زەوی.
ئەم شارەزایە ئاماژەی بەوەیش داوە باس کردن لە بڵاوکردنەوە و ڕژاندنی ماددەی کیمیاییش لە ڕێگەی ئەو هەڵمەی لە فڕۆکەکانەوە دەردەچێت لەو فڕۆکانەوە جگە لە تیۆرێکی پیلانگێڕی و درۆیەک یان هەواڵێکی هەڵبەستراو زیاتر هیچی تر نیە، تەحەدای هەر کەسێک دەکەم ئەگەر سەرچاوەیەکی زانستی یان ڕەسەن لە هەر دامەزراوەیەکی زانستی لە جیهان باسی لەوە کردبێت کە ئەو کلکە هەڵمییانە ماددە و گازی ژەهراوی بن بەمەبەست بڵاوبکرێنەوە یان بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی هەورەکان وبردن و بەلاڕێدا بردنیان بێت و دووپاتی لەوەیش كردووەتەوە كە وەکو وتم ئەوە تەنیا قسەکانی گرووپەکانی تیۆرەکانی پیلانگێڕیە کە هیچ بنەمایەکی ڕاستیان تێدا نیە.