ئەمڕۆ هەینی، لیۆنێل میسی، ئەستێرەی یانەی ئینتەر میامی، خەڵاتی باشترین یاریزانی خولیكی ئەمەریكای بەدەست هێنا، ئەمەش خەڵاتێكە ئەگەرچی بۆ میسی ئەوەندە گرنگ نییە، بەڵام بە تەمەنی 37 ساڵییەوە بردنەوەی خەڵاتێكی ئاوا، بایەخی تایبەتی هەیە.
میسی خاوەنی هەشت تۆپی ئاڵتوونی وەک باشترین یاریزانی جیهان لە مێژوویدا كە ژمارەی پێوانەییە و ڕكابەری نییە، توانی لە خولی ئەمەریكیدا بە 74 خاڵ ببێتە باشترین یاریزانی خولەكە و بۆ یەكەم جاریش لە مێژوویدا، قەڵغانی هاندەرانی پێ درا.
میسی لە یەكەم ساڵیدا لەگەڵ یانە ئەمەریكییەكە كە لە پاریس سان جێرمانەوە ڕۆیشتبوو، ئاستێكی زۆر باشی پێشكەش كرد، ئەمەش چاوەڕوانكراو نەبوو، چونكە پێشبینی دەكرا ئەو ئەستێرەیەی براوەی دوایین مۆدیال، بۆ پشوو چووبێتە ئینتەر میامی، بەڵام وا دیارە میسی هەر لە یاریگەدا بێت، هەموو توانایەكی خۆی بەكار دەهێنێت.
لە ماوەی ئەم وەرزەدا، لە كۆی ئەو 19 یارییەی بەشدار بووە 20 گۆڵی تۆمار كردووە و 16 گۆڵیشی دروست كردووە، لە كاتێكدا بەهۆی پێكان و هۆكاری ترەوە لە 16 یاری بەشدار نەبووە، ئینجا توانیوێتی ببێتە باشترین یاریزانی خولەكە.