سوپاكەی بەشار ئەسەد شكان و بەرەو عێراق هەڵاتن

:: PM:04:04:07/12/2024 ‌
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار سەربازی سووریا لە سنوورەكان هەڵاتوون و روویان لە عێراق كردووە.

ئەمڕۆ شەموو حەوتی كانوونی یەكەم، میدیاكانی عێراق بڵاویان كردووەتەوە، هەزار و 500 سەرباز و ئەفسەری سوپای سووریا، هاتنە ناو خاكی عێراقەوە.

باس لەوەش كراوە، هاتنی ئەو سەربازانە لە سنووری قائیم بووە، هۆكاری رێگەپێدانەكەش بۆ ئەو بارودۆخە دەگەڕێتەوە كە لە سووریا هەیە و هاتوونەتە ناو خاكی عێراق.

شەڕی چەكداران و سوپای سووریا ئێستە لە نزیك شارەكانی حمس و دیمەشقە و باس لەوە دەكرێت، چەندان شوێنی تر دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ رادەست كراون و سوپای سووریا كشاونەتەوە.

ماوەی هەفتەیەكە شەڕێكی سەخت سووریا گرتووەتەوە و ئێستە هێزە چەكدارەكانی سووریا لە پایتەختی شارەكە نزیك بوونەتەوە، وڵاتانی هاوپەیمان لەگەڵ بەشار ئەسەد بەشێكی زۆریان كشاونەتەوە و ئەفسەر و سەرباز و راوێژكارە سەربازییەكانیان كشاندووەتەوە.



وشە - رامیار جەواد