بەشار ئەسەد لە كوێیە و رژێمەكەی كەی دەڕووخێت؟

:: PM:10:53:07/12/2024 ‌

راستەوخۆ دوای وەستانی شەڕ لە لبنان، قۆناغێكی تری توندوتیژی لە ناوچەكە دەستی پێ كرد، كاتێك گرووچە چەكدارەكانی سووریا لە باكوری رۆژئاوای ئەو وڵاتە دەستیان بە هێرشێكی فرەوان بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەت كرد و لە ماوەی 11 رۆژ توانیان بگەنە نزیك دیمەشقی پایەتەخت، هەواڵەكان لەبارەی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد گەرمن، بەڵام ئەو لەكوێیە؟ 

بەرپرسانی ئەمەریكا بە "سی ئێن ئێن"یان راگەیاند كە پێشبینییەكانی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد زیاتر دەبن، چونكە هێزە سەربازییەكانی تەواو رووخاون و شەڕ ناكەن، ئەوەی ماوە سوپایەكی لەرزۆكە بۆ بەرگریكردن لە ئەسەد و دیمەشقی پایەتەخت، كە رەنگە ئەویش لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو بڕووخێت.

روونیان كردەوە، تاكە شت كە رێگری لە پێشڕەویی گرووپە چەكدارەكان بكات، ئەگەری روودانی خۆرێكخستنەوە یان ئاوەژووبوونەوەی هاوسەنگیی هێزە لە لایەن سووریاوە، چونكە پێشتر لایەنگرانی ئەسەد توانیان هەر هەڕەشەیەكی ناوخۆیی سەركەوت بكەن، هاوكات بەپێی سەرچاوەكان بەشار ئەسەد ، سەرۆكی سووریا لە دیمەشق نەماوە. 

لەو كاتەی سەرۆكایەتیی سووریا دووپاتی كردەوە كە ئەسەد لە دیمەشقە لە كۆشكەكەی، سەرچاوەكان دەڵێن، ئەسەد لە هیچ كام لەو شوێنانە نییە كە پێشتر لێیان دەمایەوە، تەنانەت پاسەوانی سەرۆكایەتیش لەو شوێنانە نەماون، ئەوەش پێشبینیی جێهێشتنی بۆ دیمەشق زیاتر دەكات، لەوكاتەی دەبوایە پاسەوانەكانی بەدەورەی بوان بۆ پاراستنی، هاوكات گرووپە چەكدارەكان ئەوانیش هیچ زانیارییەكیان لەبارەی شوێنی ئەو نییە و بەدوایدا دەگەڕێن.

بەپێی سەرچاوەكان، بەرپرسانی ئەمەریكا پێشبینیی كەوتنی رژێمی ئەسەد لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو دەكەن، بۆیە ئەگەری هەیە دیمەشقی بۆ شوێنێكی نادیار جێهێشتبێت، لەوكاتەی چەند بەرپرسێكی تەناهیی ئیسرائیل دووپاتی دەكەنەوە كە بەپێی زانیارییەكانیان ئەسەد هێشتا لە دیمەشقە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل