دوو رۆژە ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر خاكی سووریا دەست پێ كردووە و گەیشتووەتە نزیكی دیمەشق، زۆربەی چاودێرانی سیاسی بە گومانەوە بە كۆتاهێنانی حوكمی بەشار ئەسەد دەڕوانن و پێیان وایە، هیچ بەربەستێك لە بەردەم ئیسرائیلدا نەماوە بۆ پشتیوانیكردن لە كورد.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەكان، ئەمڕۆ سێشەم 10ی كانوونی یەكەم ئاشكرای كرد، ئیسرائیل ئەمەریكای لە نیازی خۆی بۆ چوونە ناو خاكی سووریا ئاگادار كردووەتەوە، لە بەرانبەردا ئەمەریكا هیچ دژایەتییەكی ئەو نیازەی دەرنەبڕیوە.
بەگوێرەی ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل، ئۆپراسیۆنەكانی ئیسرائیل لە ناوچەی دابڕاو لە نزیك دیمەشق چڕ بوونەتەوە كە نزیكەی 30 كیلۆمەتر لە پایتەختی سووریاوە دوورە.
لە جووڵەیەكی مەیدانی گەورەدا، هێزەكانی ئیسرائیل چوونە ناو خاكی سووریا، سەرەتا كۆنترۆڵی تەواویان بەسەر چیای شێخدا سەپاند و دواتر دەستیان بەسەر ناوچەی قونەیترەدا گرت، بەمەش دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان بەسەر بەرزاییەكانی جۆلان بەهێزتر كرد.
هەر ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە هەواڵێكی بەپەلەیدا ڕای گەیاند: "تانكەكانی ئیسرائیل تەنیا 25 كیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورن.
هێرشەكانی ئیسرائیل تەنیا لە ئۆپراسیۆنە زەوینییەكاندا سنووردار نەبوو، بەڵكو لەناوبردنی زۆر لە پاترییە پێشكەوتووەكانی بەرگریی ئاسمانیی سووریای لەخۆ گرتبوو، ئەمەش هەنگاوێكە كە ئامانج لێی تێكدانی تواناكانی بەرگریی ئاسمانیی سووریا بوو.
لەسەر زەویدا هێزەكانی ئیسرائیل توانیان دەیان شوێنی سەربازیی ستراتیجیی سووریا داگیر بكەن. وەك دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕای گەیاندووە، ئامانج لەو هێرشانە بۆ ئەوەیە دڵنیابن لەوەی كە چەكی قورس و مووشەكی پێشكەوتوو نەكەوێتە دەستی گرووپە چەكدارەكان.
چاودێران دووپات لەوە دەكەنەوە یەكەم هەنگاوی پڕۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە لە 2003 بە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە عێراق دەستی پێ كرد، لەوكاتەوە عێراق بە كردەیی دابەش بووە و هەرێمی كوردستان تەنیا لەسەر نەخشە وەك بەشێك لە عێراق ماوەتەوە.
چاودێرانی رۆژئاوایی لە شیكردنەوەكانیاندا ئاماژە بەوە دەدەن، ئەمەریكا و ئیسرائیل هەر بەوەوە ناوەستن خۆڕێبەری بۆ كورد بەدی بهێنن، پلانی داهاتوویان جیاكردنەوەی كورد دەبێت لە سووریا و بەم جۆرەش ئەڵقەی دووەم بۆ یەكگرتنەوەی چوار پارچەی كوردستان تەواو دەكرێت.
ئەوان دووپات لەوە دەكەنەوە نزیكەی 90% سەرچاوەكانی وزە، نزیكەی 85%ی سەرچاوەكانی ئاو و 80% خاكی بە پیت و فەڕی سووریا، لەو ناوچانەن كە لە ژێر كۆنترۆڵی هەسەدەدان.
چاودێران دووپات لەوە دەكەنەوە، تەنانەت ئەگەر توركیا بتوانێت ئەمەریكایش ڕازی بكات بەوەی بە قووڵایی 30 كیلۆمەتر بچێتە ناو خاكی ڕۆژئاوای كوردستان كە هاوسنوورە لەگەڵ باكوری كوردستان، وەك گرێ سپی و سەرێ كانی و پشتێنەی تەناهیش لەوێ دروست بكات، ئەوا هەر ناتوانێت ڕێگە لە دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە بگرێت.
بەپێی نەخشەیەك كە میدیاكان بڵاویان كردووەتەوە، ئیسرائیل لە ڕێگەی كردنەوەی ڕێڕەوێك باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان بە دەریاوە دەبەستێتەوە.
ئەم پرۆژەیە لە دنیادا وەك پرۆژەی داودی ئیسرائیلی ناسراوە، بەپێی گوتەی توێژەران ئیسرائیل چەندان ساڵە كاری بۆ دەكات و ئێستەش ئەنجامەكانی بەدەركەوتوون.