سایه سامان ئه‌و خانمه ژه‌نیاره‌یه كه خولیایه‌كی زۆری بۆ هونه‌ری موزیك هه‌یه به‌تایبه‌ت ئامێری پیانۆ. ئه‌و له ساڵی 2005 له دایك بووه و دانیشتووی سلێمانی و خوێندكاری به‌شی شیكاری نه‌خۆشییه‌كانه. له چاوپێكه‌وتنی ''وشه'' دا باس له‌وه ده‌كات كه ژه‌نینی پیانۆ ئارامی پێ ده‌به‌خشێت و په‌ناگه‌یه‌كه بۆ رۆحی .
تۆ نه‌وه‌ی ناری شاعیری گه‌وره‌ی كوردی، چۆن بوو تۆش ئه‌و رێچكه‌یه‌ت نه‌گرته‌به‌ر و نه‌بوویت به شاعیر؟
من ئه‌و به‌هره‌یه‌م تێدا نییه، راسته یه‌ك دوو پارچه شیعرم نووسیوه، به‌ڵام خۆم تێدا نه‌بینیوه‌ته‌وه.
كێ رێگه‌پێشانده‌ر بوو بۆت ببیت به ژه‌نیار؟
خۆم رێگه‌پێشانده‌ر بووم و خێزانه‌كه‌یشم زۆر یارمه‌تیده‌رم بوون .
تۆ ئێسته له ئاستێكی باشی موزیكدایت به‌ڵام ئه‌كادیمی نیت، ئایا شه‌رته موزیكژه‌ن ئه‌كادیمی بێت؟
ئاست پێوه‌ندی به هه‌وڵی كه‌سه‌كه‌وه هه‌یه، من به‌بۆنه‌ی حه‌زمه‌وه بۆ موزیك توانیومه هه‌وڵ بده‌م تا ئه‌م ئاسته، ئه‌وانه‌شی ئه‌كادیمین و ئاستیان باش نییه، دووباره به هۆی هه‌وڵنه‌دانی خۆیانه، پێم وایه هه‌موو موزیكژه‌نێك ئه‌كادیمی بێت باشتره، چونكه له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك كار بكه‌یت پێویسته نۆته بزانیت و بخوێنیته‌وه.
چۆن بوو له نێوان ئه‌و هه‌موو ئامێره موزیكه ئامێری پیانۆت هه‌ڵبژارد؟
ئامێری پیانۆ ده‌نگی منه كاتێك ناتوانم وشه‌كان بدركێنم، نه‌ك ته‌نیا پیانۆ، به‌ڵكو پ ده‌ف و كه‌مانیش له‌لام زۆر تایبه‌ته .
ژه‌نینی پیانۆ چ شتێك به تۆ ده‌به‌خشێت؟
ژه‌نینی پیانۆ ئارامیم پێ ده‌به‌خشێت، په‌ناگه‌یه‌كه بۆ رۆحم .
تاچه‌ند به‌شداریی چالاكی و بۆنه‌كان ده‌كه‌یت؟
زۆر به‌شداریی له چالاكی و بۆنه‌كان ده‌كه‌م به تایبه‌ت وه‌ك ئینترۆیه‌ك بۆ ئیڤێنته‌كان .
ده‌توانین بڵێین پیانۆ نزیكترین هاوڕێی ژیانته؟
به‌ڵێ به دڵنیاییه‌وه پیانۆ خودی رۆحه .
چ كاتێك ناته‌وێت پیانۆكه‌ت بژه‌نیت؟
له‌وكاتانه‌ی هه‌ست ده‌كه‌م ناتوانم ئاستم به‌ره‌وپێش ببه‌م، واز له ژه‌نین ده‌هێنم تا ماوه‌یه‌ك، به‌ڵام دووباره به‌ره‌و خۆی رامده‌كێشێته‌وه.
خێزانه‌كه‌ت حه‌زیان ده‌كرد ببیت به موزیكژه‌ن؟
خێزانه‌كه‌م هه‌میشه پاڵپشتم بوونه و هه‌ر جارێك سارد بووبم له ژه‌نینی، دووباره هه‌وڵیان داوه له‌گه‌ڵم به هۆكاری ئه‌وه‌ی كۆڵ نه‌ده‌م .
هیچ كه‌سێك هه‌بووه له كاری هونه‌ری دڵی تۆی شكاندبێت؟
نه‌خێر هیچ كه‌سێك دڵی منی نه‌شكاندووه، چونكه كاركردنه‌كانم له‌گه‌ڵ هاوڕێ ئازیزه‌كانم بووه وه‌ك مامۆستا و شاعیر نه‌ریمان حه‌سه‌ن و گلاره بارام و شاباز خدر كه هه‌ردووكیان گۆرانیبێژی سه‌ركه‌وتوون، باهۆز عیمادی كه‌مانژه‌ن عه‌لی لوقمان سازژه‌ن و مامۆستا شكار ئازاد كه هه‌میشه له پشتمان بووه .
وشه\ ئه‌حمه‌د تاریق