ڤیدیۆ.. پێشكەشكارێكی عێراقی پێشنیار بۆ میوانە لبنانییەكەی دەكات قاچەكانی داپۆشێت.. چۆن وەڵامی دایەوە؟

:: PM:06:55:21/12/2024 ‌
خانمە هونەرمەندی لبنانی بە توندی وەڵامی راگەیاندنكاری عێراقی نزار فارسی دایەوە، كاتێك راگەیاندنكارە عێراقییەكە پێشنیاری بۆ دەكات چاكەتەكەی خۆی پێ بدات چونكە قاچەكانی رووتن و ناتوانن چاوی خۆی بگرێت. 

لە یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكانی عێراق، هونەرمەندی لبنانی دۆلی شاهین داوەتی بەرنامەیەك دەكرێت و لەلایەن راگەیاندنكاری عێراقی "نزار فارس" پڕۆگرامەكە پێشكەش دەكرێت، بەڵام بەهۆی رووتیی قاچی دۆلی شاهینەوە، نزار فارسی راگەیاندنكار پێشنیار دەكات كە چاكەتەكەی خۆی پێ بدات، لەبەر ئەوەی ناتوانێت چاوی بگرێت، لە بەرانبەریشدا دۆلی شاهین وەڵامی دەداتەوە بەوەی مافی ئەوەی نییە ئەو داوای لێ بكات، لەبەر ئەوەی بە گوتەی خۆی: ئەمە پێشێلكارییە بەرانبەر تایبەتمەندی و ئازادییەكانی. 

دوای ئەوەی ئەم پێشنیارەی راگەیاندنكارە عێراقییەکە لەلایەن دۆلی شاهینەوە رەت دەكرێتەوە، فارسی راگەیاندنكار بۆ بینەرانی روون دەكاتەوە و پۆزش دەهێنێتەوە كە بەر لە دەست پێ كردنی پڕۆگرامەكە، زۆر بە میهرەبانی و برادەرانە پێیم گوتووە كە ئەم جلوبەرگەی بۆ پڕۆگرامەكە و دەركەوتن شیاو نییە، لە بەرانبەردا دۆلی گوتوویەتی گەرمامە و ئەگەر هەر مەرجێكیشتان هەبووە بۆ جلوبەرگی تایبەت بە میوان دەبوایە پێشتر ئاگەدارت كردبام.

بەپێی ئەو كۆمێنتانەی كە لەسەر پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا بۆ هەڵوێستی ئەم هونەرمەندە لبنانییە نووسراوە، بەشێك پێیان وایە كە دۆلی كەسێكی تێگەیشتوو و كامڵە و دەرخەری ژنێكی ئازاد و خانمە هونەرمەندێكی ئازای ژنانە. بەشێكی تریش پێیان وایە ئەمە تەنیا رێكەوتنێكی نێوان دۆلی و پێشكەشكارە عێراقییەكەیە و سیناریۆیە لە پێناو ئەوەی زۆرترین بینەر بۆ زنجیرەی ئەم پڕۆگرامە پەیدا بكەن.




وشە - پۆڵا مەحموود