دوای سەردانەكەی شاندی دەم پارتی بۆ لای ئۆجەلان و بڵاوكردنەوەی ئەنجامی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ ئۆجەلان، هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا پشتگیریی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕی و دووپاتیان كردەوە كە ئێستە لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە ئاشتییە.
تولای هاتیمئۆغوڵاری هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان "دەم پارتی" لەمبارەیەوە گوتی، پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان بانگەوازێكی مێژووییە، یارمەتیدەری بەهێزكردنی هاوپەیمانێتیی كورد و توركە، پێویستە دەستبەجێ قۆناغێكی نوێی ئاشتی و دیموكراسی دەست پێ بكرێت.
تولای دووپاتیشی لەوە كردووە، پەرلەمانی توركیا گرنگترین شوێنی ئەم قۆناغەیە و ئێستە لە بەردەم دەرفەتێكی مێژووییدان، دەتوانن پێكەوە ئایندەیەكی گەش بنیات بنێن.
هاوكات ئۆزگور ئۆزەل سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" ڕای گەیاند، پێویستە قۆناغەكە بەشێوەیەكی شەفاف بەڕێوە بچێت.
سەرۆكی جەهەپە گوتیشی، كاتێك وردەكارییەكان ئاشكرا كران، ئەوكات لەناو حزب هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەن و بڕیاری نوێ دەدەن.
ئۆزگور گوتیشی، توركیا دەمێكە پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتیی كێشە سیاسی و نەتەوەیی و ئابوورییەكانیەتی، بەڵام هەمیشە دەسەڵاتداران خۆیان لێ دزیوەتەوە.
فاتیح ئەربەكان سەرۆكی پارتی یەنیدەن رەفا دەڵێت: بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ ئامادەین.
ئەربەكان گوتیشی: پشتیوانی لە چارەسەری دەكەین، لە ڕۆژئاوای وڵاتەكەمان خەڵك خاوەنی چ مافێك بێت، پێویستە لە ڕۆژهەڵاتیش هەمان مافیان هەبێت، زمانی فەرمیی وڵاتەكەمان توركییە، بەڵام دەكرێت لە ناوەندەكانی پەروەردە و فێركردن زمانی كوردی بخوێنرێت، یان لە زانكۆكاندا بەشی خوێندنی زمانی كوردی هەبێت، بەڵام هەموو ئەو مافانە دەكرێت بە مەرجی پاراستنی یەكپارچەیی بێت.
دیداری دەم پارتی و ئۆجەلان لەسەر داواكارییەكی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە هات و داوای كردبوو، ئۆجەلان بچێتە پەرلەمان و لەوێوە چەكدانانی پەكەكە ڕابگەیەنێت.
دیدارەكەی دەم پارتی و ئۆجەلان بەڕێوەچوو، ئێستە چاوەكان لەسەر ئەوەن ئاخۆ هەنگاوی داهاتووی ئۆجەلان و حكوومەتی توركیا چی دەبێت.